ژنێکی گەنج بەهۆی نەبوونی چارەسەر لە غەززە بە قاچێک شەڕی ژیان دەکات

مریەم عەبد رەبە گەشتێکی سەخت لە نێوان شێرپەنجە، ئاوارەیی و لەدەستداندا بەڕێ دەکات، دوای ئەوەی قاچی بڕدراوەتەوە و لە چارەسەر بێبەش کراوە و باوکیشی لە شەڕەکەدا لەدەستداوە.

نەغەم کەراجە


غەززە ـ بڕینەوەی قاچی کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو، بەڵکو سەرەتای زنجیرەیەکی درێژ لە ئەزموونە سەختەکان بوو کە یەک لەدوای یەک ڕوویان لە مریەم عەبد رەبە، ژنێکی گەنج تەمەن (٢٤ ساڵ) کرد، تا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە، پاشان شەڕ، ئاوارەیی، دواتر لەدەستدانی باوکی، لە کۆتاییشدا بێبەشبوون لە چارەسەر و بەدواداچوونی پزیشکیدا ببینێتەوە، لە نێوان ئەم قۆناغە قورسانەدا، هێشتا بە خەونێکی سادەوە چەسپاوە،ئەویش بگاتە ئەو نەخۆشخانەیەی کە پێش دەستپێکردنی شەڕی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ چارەسەری لێدەکرد، مافی ژیانی بە کەرامەتەوە وەربگرێتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، گەشتی مریەم عەبد رەبە لەگەڵ شێرپەنجە دەستی پێکرد دوای ئەوەی نەخۆشییەکە تووشی قاچی بوو، پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاند، کە بژاردە بەردەستەکان دواخستن هەڵناگرن یان دەبێت قاچی ببڕدرێتەوە، ڕێگە بدرێت نەخۆشیەکە بە تەواوی جەستەیدا بڵاوببێتەوە، بڕیارەکە یەکجار دڵتەزێن بوو، بەڵام تاکە بڕیار بوو کە دەیتوانی ژیانی ڕزگار بکات.

لەو کاتەدا، نووسراوی فەرمی چارەسەری (تحویلة) بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کەناری ڕۆژئاوا بەدەستهێنا و لەوێ نەشتەرگەری بڕینەوەی قاچی بۆ کرا، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کەرتی غەززە بۆ تەواوکردنی قۆناغی چاکبوونەوە، گەشتەی چارەسەرکردنی لەوێدا کۆتایی نەهات، چونکە پێویستی بە پشکنینی خولی هەبوو شەش مانگ جارێک لە نەخۆشخانەیەکی شاری نابلس، بۆ چاودێریکردنی دۆخی تەندروستی و دڵنیابوونەوە لە نەگەڕانەوەی نەخۆشییەکە.

قۆناغی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن
سەرباری ئازارە جەستەیییەکان، ڕەتیکردەوە ڕێگە بدات نەخۆشیەکە داهاتووی لێ ببات، بە جۆرێک تاقیکردنەوەکانی ئامادەیی (پۆلی ١٢)ی لەسەر جێگەی نەخۆشخانە و لە کاتی وەرگرتنی ژەمە چارەسەرە کیمیایییەکاندا ئەنجامدا، لە کاتێکدا دەستی بە مافی خۆی بۆ خوێندنەوە گرتبوو، تا ئەوەی بە کۆنمرەیەکی بەرز سەرکەوت، بۆ ئەوەی قۆناغێکی نوێی زانکۆ دەست پێبکات کە هەڵگڕی ناوێکی دیکەی ئاڵەنگاری بوو.

وتیشی: بڕوام وایە نەخۆشی دەتوانێت بەشێک لە جەستەم لێ بستێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت خەونەکەم لێ داگیربکات، لە نێوان ژەمە چارەسەرییەکاندا وانەکانم دەخوێن، هەر کاتێک هەستم دەکرد ماندوێتی پێشم دەکەوێت، دەستم بە هیوایەکی زۆرەوە دەگرت.

لەو قۆناغەدا، باوکی هاوسەفەری گەشتی ڕۆژانەی بوو، ئەو قۆڵە بوو کە لە هەموو وردەکارییەکانی ژیاندا پشتی پێ دەبەست، کورسییەکەی پاڵ دەنا، یاوەری دەکرد بۆ زانکۆ، ناڕەحەتی هاتوچۆی لەسەر کەمدەکرد، لەگەڵیدا لە هەموو سەردانێکی پزیشکیدا دەوەستا، تا وای لێهاتبوو بوونی باوکی ببووە بەشێک لە توانای ئەو بۆ بەردەوامبوون لە ژیان.

گەشتی ئاوارەیی
بەڵام لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ژیانی مریەم عەبد رەبە جارێکی تر گۆڕانی بەسەردا هات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە، ناچار بوو بە زۆرەملێ لە ماڵەکەی خۆی لە کامپی "جبالیا" لە ناوەڕاستی بۆردوومان و تەقەکردندا ئاوارە بێت، بۆ ئەوەی بە ڕێگا دارووپەروەکاندا بڕوات کە بە داروپەردوو داپۆشرابوون، لە کاتێکدا هەوڵی دەدا بە کورسییەکەی کە ئیتر گونجاوی بەکارهێنان نەمابوو بەسەر دارووپەروەکاندا تێپەڕێت.

لە ماوەی گەشتی ئاوارەییدا، ئەو کورسییەی کە پشتی پێ دەبەست بەهۆی ڕۆیشتن بەسەر ڕێگا دارووپەروەکاندا تێكچوو، هەروەها ناچار بوو بەپەلە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت و قاچە دەستکردەکەی لە بەجهێشت، کە بەهۆی ناڕەحەتی ڕاهاتن لەگەڵیدا تەنها چوار جار توانیبووی بەکاری بهێنێت، تەنانەت ئەو دوو دارشەقەیەی کە پشتی پێ دەبەستن لە بەشی خوارەوەیانەوە بەهۆی زۆری بەکارهێنانەوە خواببون، بەمەش هاتوچۆکردن لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بووە سەختیەکی گەورەتر.

وتیشی: هەرچییەکم هەبوو بەجێمهێشت، بیرم لە قاچە دەستکردەکە و هیچ شتێکی تر نەکردەوە، تاکە خەمی من ئەوە بوو لەگەڵ خێزانەکەمدا ڕزگارم بێت، بەڵام کاتێک درکم بەوە کرد کە هەموو هۆکارەکانی جووڵەم لەدەستداوە، لە جاران زیاتر هەستم بە بێدەسەڵاتی دەکرد.

لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکەدا، گەشتە چارەسەرییەکانی بۆ کەناری ڕۆژئاوا وەستان، ئەو بەدواداچوونە پزیشکییەی کە دەستەبەری پارێزراوی دۆخی تەندروستی بوو پچڕا، بەمەش لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا دەژیا لە ترسی ئەگەری گەڕانەوەی نەخۆشیەکەی بەبێ ئەوەی بتوانێت پشکنینە پێویستەکان ئەنجام بدات.

سەرباری قورسی بارودۆخەکە، باوکی هەمیشە هەوڵی دەدا ئازارەکانی کەم بکاتەوە و دڵنیای دەکردەوە کە ئەم سەختیە تێدەپەڕێت وەک چۆن سەختیەکانی نەخۆشی شێرپەنجەی تێپەڕاند، بەڵام شەڕەکە گەورەترین و بەئازارترین کارەساتی بۆ شارابووەوە.

لە ناوەڕاستی ٢٠٢٤دا، باوکی گەڕایەوە بۆ ماڵی خێزانەکەی لە کامپی "جبالیا" بۆ هێنانی هەندێک جلوبەرگی زستانە دوای سەختبوونی سەرما، بەڵام فڕۆکەکانی هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی بوونیدا لەو ناوچەیەدا کردیانە ئامانج و دەستبەجێ کوژرا، هاوژینەکەی و پێنج کچی بەجێهێشت کە بە تەنها ڕووبەڕووی ژیان ببنەوە.

دەستگرتن بە هیواوە سەرەڕای هەموو سەختییەکان
دوای کۆچی دوایی باوکی، وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە ئاڵۆزتر بوون، چونکە ئیتر کەس نەمابوو یارمەتی بدات لە جووڵە یان گەیشتن بە دامەزراوە تەندروستییەکان، لە کاتێکدا کورسییە کۆنەکەی لە جیاتی کەمکردنەوەی سەختیەکانی ژیانیم ئازارەکانی زیاتر دەکرد.

لەگەڵ چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە شاری غەززە، مریەم عەبد رەبە لەگەڵ دایک و خوشکەکانیدا ناچار بوون بەرەو باشوور ئاوارە ببن، لەوێ خێزانەکە لە نێوان چەندین شوێنی پەنابەریدا گوازرانەوە، پێش ئەوەی ژوورێکی بچووک بدۆزنەوە کە بۆ بێ هاوژین و ژنانی جیابووە تەرخانکرابوو، کە زیاتر لە پێنج خێزانی لە یەک شوێندا کۆکردبووەوە، بەبێ هیچ جۆرە تایبەتمەندێتییەک یان بارودۆخێکی گونجاو بۆ ژیان.

لە ناو ئەو شوێنە تەنگەدا، پێداویستییە سەرەکییەکان بەردەست نەبوون، هەروەها ژینگەکەش بۆ ژنێکی گەنج کە یەکێک لە قاچەکانی لەدەستدابوو و پێویستی بە چاودێری تەندروستی بەردەوام هەبوو گونجاو نەبوو، ئەمەش دۆخی دەروونی و جەستەیی خراپتر کرد.

دوای ماوەیەک، خێزانەکە توانییان بگەڕێنەوە بۆ شاری غەززە، لەوێ یەکێک لە خزمەکانیان چادرێکی کۆنی بۆ هەڵدان کە بووە تاکە پەناگەیان، بەڵام چادرەکە لە وێستگەکانی پێشووی ئاوارەیی ئارامتر نەبوو، چونکە مێروو و قرتێنەرەکان هێرشیان بۆ دەهێنا، لە کاتێکدا سادەترین پێداویستییەکانی ژیانێکی بەکەرامەتی تێدا نەبوو، وتی: هەروەک چۆن لە لەدەستدان دەترسم، لە نەخۆشیش دەترسم، هەموو ڕۆژێک دەژیم و لە خۆم دەپرسم؛ ئایا شێرپەنجەکە گەڕاوەتەوە؟ ئایا ڕۆژێک دەگەمەوە بەو پزیشکەی کە بەدواداچوونی بۆ دۆخەکەم دەکرد؟ ئەوەی زیاتر ئازارم دەدات ئەوەیە کە  وەڵامم نییە.

مەینەتییەکەی تەنها لە لەدەستدانی چارەسەردا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ قورسی جووڵەکردن لە ناو شاردا، چونکە دووری دامەزراوە تەندروستییەکان و تێکچوونی کورسییەکەی ڕێگرن لە توانای گەیشتنی ڕێکخراوی بۆ خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، لە کاتێکدا هەر گەشتێک بۆ دەرەوەی چادرەکە ئەو هێزە کەمەی کە بۆی ماوەتەوە لێی دەستێنێت.

سەرباری هەموو ئەو شتانەی پێیدا تێپەڕیوە، هێشتا بە هیواوە چەسپاوە بۆ دەستپێکردنەوەی چارەسەرەکەی لە ناو نەخۆشخانەی کەناری ڕۆژئاوا، بەدەستهێنانەوەی مافی خۆی لە بەدواداچوونی پزیشکی کە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕەکەوە لێی بێبەش کراوە، بەو هیوایەی لە دۆخی تەندروستی خۆی دڵنیا بێتەوە و بەردەوامی بە ژیانی بدات کە لە قۆناغەکانی لەدەستدان، نەخۆشی و ئاوارەییدا وەستاوە.

لە نێوان قاچێکدا کە بەهۆی شێرپەنجەوە لەدەستی داوە، مریەم عەبد رەبە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستیەکی بەردەوامە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باری قورستر دەکات، ئەو تەنها داوای دەرفەتێک دەکات بۆ تەواوکردنی چارەسەرەکەی، بەدەستهێنانەوەی مافی خۆی لە جووڵە و ژیاندا، دوای ئەوەی ساڵانی گەنجێتی بوونە شەڕێکی کراوە لەگەڵ نەخۆشی، لەدەستدان و شەڕدا، بەبێ ئەوەی ئارەزووی ڕزگاربوون لە ناخیدا بکوژێتەوە.