هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر نەخۆشخانەکانی غەززە
چالاکوان لینا شەرەف دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەرپرسیارن لە داڕمانی سیستمی تەندروستی لە کەرتی غەززە، سەرەڕای لەناوبردنی مرۆڤ و دارو بەرد و هەراسانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، کۆمەڵگەی نێوەدەڵەوتی بێدەنگە.
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە - لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ هێرشی سەر کەرتی غەززە هەر بەردەوامە، و سیستمی تەندروستی رووبەڕووی توندوتیژترین هەڵمەتەکانی دژ بە دامەزراوە و نەخۆشخانەکان دەبێتەوە، کە دوایینیان هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان و چۆڵکردنی ستافی پزیشکی و بریندارەکان و نەخۆشەکان لێی بە زەبری چەک و پاشان سووتاندنی بە تەواوی و لەناوبردنی هەموو ئامێرەکان بوو، ئەو سیناریۆیە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە لە نەخۆشخانەی شیفا لە مانگی ئاداری ٢٠٢٤دا ڕوویدا.
چالاکوان لینا شەرەف ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان کە لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕوویدا، یادەوەریمان بۆ ئەو ڕۆژە دەگەڕێنێتەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ١٨ی ئاداری هەمان ساڵدا هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی شیفا، کاتێک ئەو هێزانە بە بێدەنگی چوونە ژوورەوە و گەمارۆی نەخۆشخانە و خەڵکی ئاوارەی ناوەوەیان دا و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان دەستپێکرد کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٣٠٠ فەلەستینی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا یەکێک بوو لە گەورەترین دامەزراوە تەندروستییەکانی شارەکە و بەش و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی وەک نەشتەرگەری، گۆڕینی خوێن، چارەسەری شێرپەنجە و بەشی منداڵبوون، تاقیگە، و بەشەکانی دیکەی لەخۆگرتبوو بە لەناوبردنی لەڕێگەی بۆردوومان و سووتاندنەوە، تەواوی سیستمی تەندروستی لە شاری غەززە لەکارکەوتبوو، کە تا ئێستا شایەتی لاوازی کارکردنیەتی.
ڕوونیشیکردەوە، هەمان سیناریۆ لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان ڕوویدا، بەو پێیەی گەورەترین نەخۆشخانەی پارێزگاکانی باکوور بوو، گەمارۆکە بەسەریدا سەپێندرا و سووتێندرا، کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی مەدەنی لە ناوەوەی ئەنجامدرا، دواتر بەرێوەبەرەکەی، حوسام ئەبو سەفیە ، دەستگیرکرا، وەک ئەوەی ڕوویدا لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا، کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی ئیسرائیل گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ، ترسی ئەوە هەیە هەمان سیناریۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری کەمال عەدوان ووبارە ببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی هێرشەکەدا نزیکەی ٣٥٠ کەس لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان ئامادەبوون، کە ٧٥ کەسیان بریندار و نەخۆش بوون، هەروەها ١٨٠ کارمەندی پزیشکی و کرێکاری بەشە جیاوازەکان، هاوکات ٥٠ کەس و ٥ کارمەندی پزیشکی گیانیان لەدەستداوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی داڕمانی سیستمی تەندروستی لە کەرتی غەززە لە ئەستۆ دەگرن، دوای ئەوەی دار و مرۆڤ و بەردەکانیان لەناوبردووە لە ناوچەیەک کە بە ئەستەم لە ٣٠%ی ڕووبەری کەرتی غەززە زیاترە، بەردەوامن لە هەراسانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی بێ بەرگری لە هەر ڕۆژ و بڕینی ڕووبەری نوێی زەوی، لە نێوان بێدەنگی عەرەبی و نێودەوڵەتی دژی کۆمەڵکوژی و نیشتەجێبوونەکان ئەو شێوازەی کە ژیانی دەیان کەسی کوشت.
لینا شەرەف نکۆڵی لەوە ناکات کە کەرتی تەندروستی بەدەست کەمیی پێداویستی تەندروستییەوە دەناڵێنێت و کورتهێنانەکەش گەیشتە ٤٤%ی دەرمان و ٣٢%ی کەرەستەی بەکارهێندراوی پزیشکی و ٦٠%ی پێداویستی تاقیگە و بانکی خوێن، بۆیە هێرشەکە هات و بارگرانی لەسەر سیستمەکە کرد، بە تایبەت لەگەڵ ژمارەی ئەو سزایانەی کە بەسەر خەڵکی غەززەدا سەپێندراوە.
جەختی لەوەکردەوە، سەرەڕای ئەو گەمارۆیە تەواوەی کە شارەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، دانیشتووان ڕێژەیەکی بەرز و بەرچاوی کوتانی ڕۆتینییان هەبووە تا ئەو ڕادەیەی کە ڕێگری لە پەتاکانی ئەمڕۆی وەک سورێژە، کۆکە، هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدانی سەرەوە، هەوکردنی پەردەی مێشک و... هەوکردنی جگەر کردووە، ئەمڕۆ سیستمی تەندروستی نەماوە، هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەوەی نەخۆشەکان بچن، چونکە زۆربەی خاڵە پزیشکییەکان دەرگاکانیان دادەخەن بەهۆی تەواوبوونی دەرمانەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە تەلەفزیۆن و ماڵپەڕە هەواڵییەکان ڕۆژانە دەیان نەخۆشی سەخت گیانیان لەدەستدەدەن و کەسیش هەنگاو نانێت.