ژنانی ئەفغانستان، خوێندن لە زیندانی تاڵیباندا
نەسیمە وەلید، خوێندکارێکی خەڵکی باغلان دەڵێت: تاڵیبان لە ئێمەی ژن و خوێندەواریمان دەترسێت، لەبەرئەوەی دەسەڵات و چەکیان هەیە، هەوڵدەدەن لە خوێندن بێبەشمان بکەن.
بەهاران لاهیب
کابول - دوای هاتنە سەرکاری تاڵیبان، سنووردارکردنی بەرفراوان بەسەر ژناندا سەپێنرا و لە دوایین ڕێوشوێندا پەیمانگاکانی خوێندن بۆ ژنان ڕێگرییان لێکرا، ئەم ڕاپۆرتە لە گێڕانەوەی کچە خوێندکارەکانی کابول و پارێزگا جیاوازەکانی ئەفغانستان ئامادە کراوە.
ماوەیەک لەمەوبەر تاڵیبان بەپێی یاساکانی دژی ژنان دەروازەی پەیمانگاکانی بەڕووی ژناندا داخست، دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتە دەست، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، زانکۆ، قوتابخانە، شوێنی کات بەسەربردن و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان بەڕووی ژناندا داخران، تاکە جێگایەک کە ژنان مافی کارکردن و خوێندنی تێدا بوو، کەرتی تەندروستی بوو، بەڵام تەنانەت لەم بەشەشدا جارێکیان بە هەموو پزیشکە ژنەکانیان ڕایانگەیاند کە ئیتر پێویست بە بوونی ئەوان ناکات، دوای ئەوەی پزیشکە ژنەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی، تاڵیبان ناچار بوو پاشەکشە بکات.
هەروەها ئەمجارە هەموو ئەو پەیمانگایە ئەهلیانەی کە لە ماوەی دوو ساڵدا لە بەشی پەرستاری و مامانیدا چالاک بوون و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕوویان لەم بەشە کردبوو، ناچالاک کران.
لە پارێزگا گەرمەکان هێشتا وانەکان بەردەوام بوون، بەڵام لە ناوچە ساردەکاندا کە بڕیار بوو تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدرێت، تاڵیبان ڕایگەیاند کە ژنان مافی درێژەدان بە خوێندنیان نەماوە، بەرپرسانی پەیمانگاکانی ناوچەکانی سەردسیر داوای مۆڵەتیان لە تاڵیبان کرد بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ.
بۆ ئەم مەبەستە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری پارێزگا جیاوازەکان کرد بۆ ئەوەی زیاتر بزانین.
شازیە وەفا، خوێندکارە لە کابول، و دۆخەکەی بەم شێوەیە باس کرد و وتی: ویستم خۆم ئامادە بکەم و بچمە پۆلەکەم، وەک ڕۆژانی پێشوو، بەڵام لە بەرپرسی پەیمانگاکەمان زانیاریمان پێگەیشت کە ڕێگەمان پێنادرێت بەردەوام بین لە خوێندن، باوەڕم نەدەکر، بۆیە ئێمەی خوێندکاران بڕیارماندا بچین، کاتێک گەیشتینە نزیک دەرگای پەیمانگاکە، ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی تاڵیبان بووینەوە کە ڕێگەیان نەدا کچەکان بچنە ژوورەوە.
فەوزیە زەریف، خوێندکارێکی خەڵکی نەنگەرهار، وتی: تاڵیبان هەوڵی بەرتەسککردنەوەی مەیدانەکەمان دەدات، بەڵام هەندێک جار لەبیریان دەچێت ئەو زانست و خوێندەوارییەی بەدەستمان هێناوە لێمان وەرناگیرێت.
نەسیمە وەلید، خوێندکارێکی خەڵکی باغلان وتی: تاڵیبان لە ئێمەی ژن و خوێندەواریمان دەترسێت، لەبەر ئەوەی دەسەڵات و چەکیان هەیە، هەوڵی ئەوە دەدەن لە پەروەردە بێبەشمان بکەن، ڕۆژێک دێت دەسەڵاتی ساختەیان دەڕوخێت و ئەوەش لە دەستی بەهێزی ژناندایە.
سەما سەفا، خوێندکارێکی خەڵکی تەخار، وتی: لەلایەک بە ڕاگەیاندنی یاسا گاڵتەجاڕەکانی تاڵیبان و سنووردارکردنی ژنان هەست بە ئازار دەکەم، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هیوادارم ئێمە بە هێزێکی مەترسیدار و ڕووخێنەر بزانن، ئەم یاسایانە ڕۆحم بەهێز دەکەن و هیوام بۆ داڕمانیان زیاد دەکەن.
هەموو چاوپێکەوتنەکان باسیان لە هاودەنگی و یەکگرتوویی ژنان لە ئەفغانستان کرد، ناڕەزایەتی ژنان لەو ڕۆژەدا لە هەموو پەیمانگاکان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچوو، لە هەندێک شوێن تاڵیبان بە تەقەی ئاسمانی ئەو ناڕەزایەتیانەی سەرکوت کرد، بەڵام تەنانەت لەو ڕێکارانەشدا سەرکەوتوو نەبوون.