"توندوتیژیی و سەیرکردنی ژنان بە پلە دوو توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان زیاد دەکات"
نەسیبە حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: زیادبوونی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان بۆ نەبوونی یاسا و زاڵبوونی کولتووری پیاوسالاری دەگەڕێتەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- ساڵی ٢٠٢٤ تێدەپەڕێت و لە ماوەی ئەو ساڵەدا بە پێی ئامارێکی نوژنها کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە کۆی کردووەتەوە، لە باشووری کوردستان ٦٩ ژن کوژراون، یاخود پاڵنراون بۆ خۆکوشتن، ئەقڵیەتی پیاوسالاری، باڵادەستی پیاو، نەبوونی یاسا، قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکانن بەرامبەر بە ژنان، هەروەها نەبوونی پەوەردەی دروستی تاکەکانی کۆمەڵگە دووبارە کێشەکان بەرامبەر ژنان زیاد دەکات، بەوەی کە خێزانەکان پیاو بە پلە یەک و ژنان بە پلە دوو سەیر دەکەن و ئەم تێڕوانینەش بۆ ناو کۆمەڵگە شۆڕ دەبێتەوەو هەموو جومگەکان دەگرێتەوە، ئەنجامەکەشی زیادبوونی توندوتیژییەکانە بەرامبەر بە ژنان.
"بارودۆخی سیاسیی و ئابووری توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان زیاد دەکات"
نەسیبە حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی ئابووری و سیاسی ئاستەنگی بۆ ژیانی خەڵک دروستدەکات و وتی: ئەو بارگرانییەش بۆ ژنان دوو هێندە دەبێت، بە هۆکاری بارودۆخەکان لە ئێستادا ژنان ڕوویان لە کارکردن کردووە، لە ڕێگەی کارکردنی ژنانەوە دووبارە توندوتیژییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەستپێدەکاتەوە، چونکە ئەقڵیەت و دەسەڵاتی پیاوسالاری لە کارکردندا، وەهای کردووە بەشێک لە خاوەنکارەکان قۆرخکاری لە مافی ماددی ژناندا دەکەن، جگە لەوەش، لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا لە ڕووی هۆشیارییەوە تاکەکان پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە نەبینیووە، تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر کێشەکانی ژنان هەڵەیە و کاتێک دوو هاوژین لە یەکدی جیادەبنەوە کۆمەڵگە ڕەوایەتی بە لایەنی پیاوان دەدات و پێشێلی مافی ژنان دەکات، پیاوان بە ئازادانە دەژین و ژنانیش ڕووبەڕووی چەندین تانە و تەشەری کۆمەڵگە دەبنەوە، یاخود بەشێک لە ژنان توندوتیژییە جەستەیی و دەروونییەکان بە هۆی تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان پەسەند دەکەن، بەڵام جیابوونەوەیان پێ قبوڵ نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە لەسەر پێدانی ماف بە پیاوان و سەندنەوەی مافی ژنان.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەکرد، کارکردنی ژنان هەنگاوێکی ئازادی و مافی ژنانە نەک تەواوی ئازادبوونی، ئازادییەکان تەنها لە چوارچێوەی هاتنەدەرەوەی ژنان و کارکردندا کۆناکرێتەوە، وتیشی: لە ئێستادا ئازادی ژنان ئازادییەکی ڕەها نییە، تەنها کارکردنیان لە دەرەوەدا نابێتە ئازادبوونیان، زۆرکات لە ڕێگەی کارکردنیانەوە ڕوبەڕووی توندوتیژی دەروونی و جەستەی دەبنەوە، بەشێک لە خاوەنکارەکان هەڵسوکەوتی توندوتیژ بەرامبەر ژنان دەکەن بەڵام ناتوانن بەرامبەر پیاوێک وابکەن، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری کۆمەڵگە، بەشێک لە یاساکان و ئاین ڕێگەی بە چەندین کار داوە بۆ ژنان بەڵام کۆمەڵگە ڕێگە بەو شێوازە کارە بۆ ژنان نادات، یان هەبوونی بڕوانامە ئاستی تێگەیشتنی کەسەکان دیاری دەکات، بەڵام کاتێک بڕیارەکان دێتە سەر ژنان، کەسێک خاوەنی دکتۆرا بێت ناتوانێت فکرێکی مافی ژنان بەرامبەر ژنان پەسەند بکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری کولتوور و دابونەریتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بیرکردنەوەی ڕەهای ژنان لە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەدا نییە.
"پێویستە دادگاکان لە ڕێگەی یاساکانەوە شەرعیەت بە مافەکانی ژنان بدەن"
نەسیبە حسێن، وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی شیکردنەوەی بۆ دوو ڕێگای ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی ژنان کردو وتی: ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان پێویستیان بە گۆڕانکاری گرنگ هەیە، ژنان بۆ ڕزگاربوون لەو کولتوورە نادادپەروەرییەی کۆمەڵگە پێویستیان بە خۆهۆشیارکردنەوە لە بواری بیرو ئەرک و مافەکانیان هەیە، پێویستە ژنان لە کاتی ئەنجامدانی کارێکدا پشت بە یاساکان ببەستن، نەوەک بڕیاری ژیانی خۆیان بدەنە دەست کولتوور و عەقڵیەتی کۆمەڵگەیەک، دەبێت ژنان ئەقڵیەتی پیاوسالاری تێپەڕێنن، هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی تواناکانیان بدەن.
لە کۆتاییدا نەسیبە حسێن وتی: ئەگەر ژنان لەو بارودۆخەی ئێستادا بێدەنگی هەڵبژێرن، ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەریاندا هێندەی دیکە زیاد دەکات و ژیانکردنیان سەختر دەبێت، پێویستە پاڵپشتی لە مافەکانی خۆیان و هەوڵی بەدەستهێنانی ڕاستییەکان بەرامبەر ژنان بدەن، هەبوونی ترس لە ژناندا بەردەوام ژنانی لە مافەکانیان بێبەش کردووە، پێویستە ژنان بە بوێرانە داوای مافەکانی خۆیان و ژنانی ناوچەکەیان بکەن، سەرەڕای هەبوونی بوێری ژنان، پێویستە دادگاکانیش لە ڕووی دەستەبەرکردنی یاساکانەوە مافی ژنان دابین بکەن.