ژنانی پەرتوک فرۆش لە ڕۆژانی کاردا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە

پگا م. لە یەکێک لە پەرتوک فرۆشییەکان کاردەکات، دەڵێت: زۆرێک بیرۆکەیەکی تەواو جیاواز و ناڕاستەقینەیان هەیە بۆ ئەم کارە، کە وایان لێدەکات چاوەڕوانییەکی سەیریان لە ئێمە هەبێت.

سارا زارع

 

کەرەج- پەرتوک فرۆش یەکێکە لەو شوێنانەی کە سیمایەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، زۆرێک پێیان وایە کە پەرتوک فرۆشی کارێکی ئارام و دوورە لە کێشە ئاساییەکانی کارەکانی ترەوە، کەسێک کە پەرتوک دەفرۆشێت بە کەسێکی خوێندەوار و زانا دادەنرێت کە بە درێژایی تەمەنی سەرقاڵی خوێندنەوەی پەرتوکی جیاواز بووە، ڕەنگە ئەم بیرۆکەیە بۆ ڕابردوو ڕاست بێت، کە زۆرینەی پەرتوکی ناو پەرتوک فرۆشەکان خاوەنەکەی فرۆشیارەکەی بووە، بەڵام ئێستا جیاوازترە، چونکە پەرتوک فرۆشییەکان وەک سەنتەری لێهاتووە و چەندین کەس تیایدا کار دەکەن، بەم شێوەیەی ئێستاشی یەکێکە لە کارە سەخت و ماندووکەرەکان، لە ئێرانیشدا پەرتوک فرۆشی یەکێکە لەو کارانەی کە کاتەکانی کارکردنی زۆر و داهاتی کەم و پلەی سەختی بەرزە.

 

پگا م. خوێندکاری قۆناغی سێی کۆلێژی ئەدەبی فارسییە لە زانکۆی ئازاد و لە پەرتوک فرۆشێکدا کار دەکات، باسی لەوەکرد، کە دەخوێنێت و کاریش دەکات و لە ڕۆژانی کارکردندا بەردەوام لە فرۆشگاکەدا ئامادە دەبن و بەشێکی دیکەی کاتەکەیان لە خوێندنن، وتیشی: هەر لەبەر ئەم هۆکارە ​​ڕۆژانی کارکردنمان نزیکەی دوو هێندەی کاتەکانی کارکردنی یاساییە، واتە لە کاتژمێر ٨ی بەیانییەوە تا ١٠ی شەو بێ پشودان لەسەر کارین، ئەمەش ماندووکارە، بەهۆی ئەمەوە کەم کەس لەم کارەدا بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە، لەو ماوە کورتەی کە لێرە بووم، دوو هاوکارمان ئەم کارەیان بەجێهێشتووە، کە ئەوانیش وەک من خوێندکار بوون.

 

بە وتنی "کێشەکانی ئەم کارە لێرەدا کۆتایی نایەت"، درێژەی بە قسەکانی دا، "لە ڕوانگەی ماددییەوە داهاتی ئەم کارە زۆر کەمە و هەمان بنەمای مووچەی وەزارەتی کار دەدەن، کێشەی تریش هەیە کە پێویستە باسی بکەم، ڕەنگە کەمێک سەیر بێت، بەڵام لەم پەرتوک فرۆشییەدا، کاتێکی زۆرمان نییە بۆ دانیشتن و نزیکەی هەموو کاتێک لەسەر پێ دەوەستین، ئەمە زۆر قورسە، بەڵام ئەمە هەم مەرجی کارە و هەم جۆرێکە لە ناچاری لەلایەن خاوەنکارەوە، لە ڕاستیدا ئەگەر وردتر بڵێین مافی ئەوەمان نییە لەسەر کورسی دابنیشین. بە تایبەتی کاتێک کڕیار لە دوکانەکەدا بێت و بەو پێیەی نزیکەی هەموو کاتێک کڕیار هەیە، هیچ دانیشتنێک بۆ فرۆشیارەکان نییە، خۆم لەو ڕۆژەوەی دەستم بە کار کردووە، ئازاری پشت و قاچم هەیەن، سەرەڕای ئازار و زۆری کاتی کاریشمان، ناچارین دەم بە خەندە و ڕووخساری کراوە بین، لەگەڵ کڕیارەکانمان، هەروەها من و هاوڕێیەکم ژنین لێرە و لە کاتی سوڕی مانگانەدا ژن تووشی ئازاری جەستەیی و دەروونی دەبێت و ئەمەش خۆی دەبێتە بارگرانییەکی زیادە لەسەر ئەو ئازارەی کە بەهۆی کارەوە دروست دەبێت، بارگرانییەک کە بەڕاستی لە دەرەوەی لێبوردەیی ئێمەیە، بەڵام دەبێت هەڵیبگرین.

 

"بەڕێوەبەرەکان مامەڵەی جیاوازمان لەگەڵدا دەکەن"

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی بەڕێوەبەران لەگەڵ فرۆشیارەکان دەڵێت: چەند حاڵەتێک هەبووە کە کڕیارەکان سکاڵایان لە بەڕێوبەری فرۆشگاکە کردبێت لەسەر هەڵسوکەوتی فرۆشیارەکان و بەڕێوەبەری فرۆشگاکەش وەک هەمیشە مافی خۆی دەدات بە کڕیار لەم جۆرە حاڵەتانەدا و بەزۆری هەڵسوکەوتی خراپ دەکات لەگەڵ کارمەندان ئێمە لە بەرامبەردا هیچ شتێکی تایبەتمان نەکردووە و مافی قسەکردنمان نەبووە، بەڕێوەبەرەکان دەڵێن، دەیان کەس هەن ئارەزووی کارکردنیان لە شوێنی تۆدا هەیە، ئەمە ئەو وەڵامەیە کە بەڕێوەبەر یان خاوەنکار پێمان دەدات.

 

لە لایەکی دیکەوە فرۆشیارەکان خۆیان دەبێ پارەی پەرتوکە ونبووەکان بدەن، پگا دەڵێت: ئەگەر پەرتوکێک لە پەرتوک فرۆشیەکەدا ون بوو، بە هەر هۆکارێک بێت، دەبێت تێچوونەکە لەلایەن فرۆشیارەکانەوە بدرێت، واتە ئەگەر کڕیارێک پەرتوکێک بگرێت و پارەی نەدات، ئێمە بەرپرسیارین، پارەی ئەو پەرتوکەش لە مووچەی فرۆشیارەکە دەبڕدرێت، ئەمە بیرۆکەیەکی تەواو جیاواز و ناڕاستەقینەیە، ئەم بیرۆکەیە وایان لێدەکات چاوەڕوانییەکی سەیریان لە ئێمە هەبێت، بەڕاستی پێویستە باسی کار و سەختییەکانی دۆزینەوە و پاراستنی بکەین، هەمیشە کێشەی زیادە بۆ ئێمەی ژنان هەیە، ئەم ڕوونکردنەوە و دەربڕینی ئەم سەختییانە دەبێتە هۆی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ئەم هۆشیارییە دەبێتە هۆی هاوسۆزی بۆمان، بەم شێوەیە لانیکەم بەشێک لە کێشەکانی کارکردنمان لەم بوارەدا کەم دەبێتەوە.