نەمامگەی سەرچنار پشت بە توانای ژنانی کرێکار دەبەستێت

نەمامگەی سەرچنار لە شاری سلێمانی دەستی کاری ژنان تیایدا ڕەنگی داوەتەوە، لە سەرەتایی دامەزراندنییەوە ژنان ڕۆڵیان لە سەوزکردنی شارەکەیاندا بینیوە، کرێکارێکیش دەڵێت: ژنان بیانەوێت هەر کارێک ئەنجام بدەن، بە باشترین شێوە جێبەجێی دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- نەمامگەی سەرچنار لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری سلێمانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانەوە لەسەر ڕووبەری ٤٠ دۆنم زەوی بنیاد نراوە، لە پێشووتردا ساڵانە ٢٥٠ هەزار نەمامی بەرهەم دەهێنا، لە ئێستاشدا بە هاوکاری ڕێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نەمام بەرهەم دەهێندرێت.

 

نەمامگەی سەرچنار زیاتر نەمامی دارستاناویی و سنەوبەر بەرهەم دەهێندرێت، زۆربەی کارمەندەکانی ناو نەمامگەکە ژنان، کە ٤ کارمەندی ژنی فەرمی و ٥ کارمەندی کاتیین، نەمامەکانیان لە چەندین جۆر پیکدێن کە بریتین لە، زاوێتە، سۆیا، مەشهەدی، یوکالیپتۆز، گۆژی زینە، چناری ئێرانی، قەزوانی ئەمریکی و چەندین جۆری دیکەش، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن ڕێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانییەوە نۆژەن کرایەوە و پێداویستیە سەرەتایەکانیان بۆ دابین کرا، هەروەها نەمامگەکە تا ئیستا لە کارکردنیان بەردەوامن بە ئامانجی سەوزکردنی شارەکەیان.

 

"نەمامگەی سەرچنار زۆربەی کارمەندەکانی ژنانن"

لیزا دارا، ئەندازیاری کشتوکاڵی نەمامگەی سەرچنار، باس لەوە دەکات، نەمامگەی سەرچنار کۆنترین نەمامگەیە کە لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە، لە نەمامگەکەدا ئەو دارانە بەرهەم دەهێندرێت کە لە دارستانەکاندا دەیان ڕوێنن، وتیشی: لێرە زۆربەی کاروبارەکانی نەمامگە دەکەوێتە سەر شانی ژنانی کارمەند هەر لە خۆڵ تێکردن، نەمام ناشتن، کیس تێکردن و ئاوداشتن و زۆربەی کاری دیکەش، هەروەها لێرەدا نەمامەکان بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێن، لە ساڵانی ڕابردوودا بە خۆڕایی دابەش دەکرا بەسەر شوێنە گشتیەکاندا بە مەبەستی سەوزکردنی شارەکان، هەروەها زیادکردنی بەشی سەوزای لە نەمامگەی سەرچناردا هەبووە، بەڵام بە هۆکاری کەمی دەستی کاری ژنان لە نەمامگەی سەرچناردا، لە ئێستادا تەنها دەتوانین بەشی فرۆشتن بەرهەم بهێنین.

 

هەروەها وتیشی: لە نەمامگەی سەرچنار لە ساڵی ٢٠١٠دا ١٥ بۆ ٢٠ کرێکار کاریان دەکرد، بەڵام بە هۆکاری خراپی بارودۆخی ئابووری و خانەنشینکردن و نەبوونی جێگرەوە بۆ نەمامگەکەمان، ژمارەی کارمەندەکان کەمی کرد و ئەرکەکانیان زیادی کرد.

 

"خراپی بارودۆخی ئابووری ئەرکی لەسەر کارکردنی ژنان زیاتر کردووە"

لیزا دارا، باسی لەوەشکرد، خراپی بارودۆخی ئابووری لە هەرێمی کورستاندا گرفتی بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە دروست کردووە، ژنانیش بێبەش نین لەم قەیرانە سیاسیی و ئابووریەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، هەروەها ئەرکی ژنان بەتایبەت قورستر بووە، دەشڵێت: ژنان لەبەر خراپی بارودۆخی ئابووری زۆربەی کات لە شوێنە ئەهلیەکاندا بە کاتێکی زۆر و مووچەیەکی کەم کار دەکەن، هەروەها لە دامودەزگا حکومیەکاندا بەهۆی نەبوونی دامەزراندن و خانەنشین بوونی کارمەندان و نەچوونەوە جێگەیان لەلایەن کارمەندی تازەوە، ئەرکی سەر شانی کارمەندەکانی دیکە قورستر بووە.

 

"تەنها لە کاتی بۆنەکان و ڕۆژی ژناندا ئێمەی ژنانی کرێکاریان بیر دەکەوێتەوە"

دولبەر عومەر، کرێکار لە نەمامگەی سەرچنار، باس لەوە دەکات، ماوەی ٢٧ ساڵە لە نەمامگەی سەرچناردا کارمەندە، ڕۆژانە خەریکی زەرع کردن و کیسە تێکردن و ئاودانی نەمامەکان دەبێت و زۆربەی کارەکانی ناو نەمامگەی سەرچنار ژنانی کرێکار ئەنجامی دەدەن، کاتژمێر ٧ی بەیانی دەست پێدەکەن و تا کاتژمێر ٣ لەسەر کار دەبن، وتیشی: کارەکانمان بە دەستی ئەنجام دەدەین، ئامێرمان نیە بۆ کار ئاسانی لە کاتی کارکردندا، کارکردنمان زۆر سەختە و مووچەکەشمان کەمە لە چاو ماندووبوونەکەماندا، هەروەها نەبوونی کارمەندی پێویست و دانەمەزراندنی دەرچووان، ئەرکی سەر شانی کارمەندەکانی قورس کردووە.

 

لە کۆتایدا وتی: تەنها لە کاتی بۆنەکاندا و یادی ژناندا ئێمەیی ژنانیان بیر دەکەوێتەوە، ئێمەی ژنان کارمان قورسە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندین کاری قورس دەبینەوە، تەنها لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا ئێمەیان بیرە و یادمان دەکەنەوە، داواکارم کار ئاسانیمان بۆ بکەن و ئامێرمان بۆ دابین بکەن.

 

"بەهۆی نەبوونی ئامێرەوە دەستەکانمان هیلاک دەبێت"

زوڵەیخا عەبدوڵا، کرێکار لە نەمامگەی سەرچنار، ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٧ی بەیانیەوە تا ٣ی پاش نیوەڕۆ لەگەڵ کارمەندەکانی دیکەدا کار دەکەن و وتی: خۆڵ دەکەینە کیسەوە، پاشان نەمامی تێدا دەچێنین، کە نەمامەکان سنەوبەر بن یاخود هەر جۆرێکی دیکە بێت، ئاویان دەدەین، ئێمە لێرە کارەکانمان بە دەست ڕادەپەڕێنین هیچ ئامێرێکمان نییە تا کارمان بۆ ئاسان بکات، زۆر هیلاک دەبین و دەستمان هیلاک دەبێت، هەروەها کاتێکی زۆر کار دەکەین و زۆر هیلاک دەبین بەڵام مووچەکەمان کەمە.

 

"ژنان لە کارەکردندا پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن تا جوانترین کارەکان ئەنجام بدەن"

ڕێزان حەسەن، کرێکار لە نەمامگەی سەرچنار، ئاماژەی بەوەکرد، لەدوای تێکردنی کیسەکان دەیان بەن بۆ بەشێکی دیکەی نەمامگەکە و کاری ناشتنیان بۆ دەکرێت، پاشان ڕیزیان دەکەن و بە شەتڵ یاخود قەڵەم کاری ناشتنیان بۆ ئەنجام دەدەن، دوای هاتنە بەرهەمیان کاری بژار و ئاودانیان بۆ دەکەن، دەشڵێت: ئێمە ٦ کارمەندی ژنین لێرە کاردەکەین، هەموو کارەکان ژنان ئەنجامی دەدەین، ئێمە بەهۆی خۆشویستنی کارەکەمانەوە وەک هاوڕێیەک کارەکانمان پێکەوە ئەنجام دەدەین، نامانەوێت کارەکەمان لە دەست بدەین دەمانەویت بەردەوامبین لەم نەمامگەیەدا.

 

لە کۆتاییدا وتی: هیوادارم هەموو ژنان پشت بە خۆیان ببەستن، دەستپێکردنی هەموو کارێک ماندوو بوونی دەوێت، ژنان بیانەوێت هەر کارێک ئەنجام بدەن، بە باشترین شێوە کارەکانیان دەکەن، هیوادارم ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن.