"کارکردن نەخۆشییەکەی بیر بردمەوە و چارەسەرەکەی ئاسان کرد"

دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکەکانی بووە، بەڵام ئەمە وای لێنەکرد لە کارکردن دوور بکەوێتەوە، بەڵکو زیاتر هانی دا و بەردەوام بوو لە کارکردن و لە ئیستاشدا هەلی کاری بۆ چەند گەنجێک ڕەخساندووە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- هیرۆ محەمەد، دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و کارمەندی ڕێکخراوی نوێیە، لە ئێستادا خاوەن فرۆشگایەکی مریشک فرۆشیە، دەربارەی کارەکەی دەڵێت، کە بە مریشک فرۆشی بژێوی ژیانی دابین دەکات، سەرەتا لەگەڵ براکەیدا بووە، بەڵام دواتر فرۆشگایەکەی بەڕێوە بردووە و هەلی کاریشی بۆ چەند گەنجێک دابین کردووە.

 

"تووشی نەخۆشی بووم بەڵام دەستم هەڵنەگرت"

هیرۆ محەمەد باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بووە، لە کارەکەی دابڕاوە، بەڵام ئەمە وای لێنەکرد دەستبەرداری بێت و وتی: لەم فرۆشگایەدا خۆم سەرقاڵ کردووە بە کارەوە، کار کردن واملێدەکات بیر لە نەخۆشییەکەم نەکەمەوە، تەنانەت هەینی و شەممەش کە دەوامم نەبووە، کاتەکانم لە فرۆشگاکەدا بەسەربردووە، ڕۆژانی دەوامیش لە کاتژمێر دوو تاکو ئێوارە لە فرۆشگاکەمدا بووم، هەر ئەمەش وای لێکردم بەسەر نەخۆشییەکەمدا زاڵ ببم.

 

"تازە لە نەخۆشخانە گەڕاومەتەوە و پزیشک دەڵێت زۆر باشیت"

هێرۆ محەمەد پاش ئەوەی بە چەندین دانیشتنی دەرزی کیمیایی و لەیزەردا تێپەڕیوە، بەڵام بەردەوام بووە لە کار کردن و لە سەختترین ڕۆژەکانیدا دەستبەرداری کار کردن نەبووە، وتیشی: پاش ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەی هیوام کرد، پزیشک دڵنیایی پێدام کە ئێستا باشم، داوا لە نەخۆشان دەکەم کە دەست نەخەنە باوەشیان و بڵێن تەواو چارەسەرم نییە، بەڵکو دەبێت بەهێز بن و بەردەوام کار بکەن.

فرۆشگاکەی هێرۆ لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ١١ی شەو کراوەیە و هەلی کاریشی بۆ چوار گەنجی دیکە ڕەخساندووە.

 

https://youtu.be/6AjwvAKD

Kzc