ئاستی ئاوی عێراق نزمترین ئاست لە مێژوودا تۆمار دەکات

عێراق لە ئاستی پێنجەمی بەرکەوتەی زیانەکانی کەشوهەوادایە، نزیکەی ٪ ٧٠ی زۆنگاوەکانی وشکن، ئەمەش مەترسی لەناوچوون بۆ زۆرێک لە ماسییەکان دروستدەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی ئاوی عێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، یەدەگی ئاوی عێراق گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە مێژوویدا و ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکە "لە لێواری قەیرانی ئاودایە".

 

عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای جیهان دۆخی عێراقی سەختتر کردووە بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵی، هەر بۆیە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە پێنجەم وڵات دادەنرێت کە قەیرانەکانی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەری لەسەر داناوە.

 

نزیکەی ٪٧٠ی زۆنگاوەکان وشکبوون و بەرهەمی ئاژەڵی بۆ ٪٢٠ کەمیکردووە، ئەمەش مەترسی لەناوچوونی بۆ زۆربەی ماسییەکانی ناوچەکە دروستکردووە، دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی ئێران و تورکیا بووەتە هۆی کەمی ئاوی عێراق.

 

فالح خەزعەلی، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەكانی ڕاگەیاندووە، لە ٧٠٪ی زەوییە كشتوكاڵییەكانى عێراق بەدەست وشكەساڵی و قەیرانی كەم ئاوییەوە دەناڵێنن بەهۆی ئەوەی وڵاتانی دراوسێ پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان نابن.

 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٪٩٠ی ڕووبارەکانی وڵاتەکە پیس بوون و عێراق تا ساڵی ٢٠٣٥ تەنها توانای دابینکردنی ٪١٥ی ئاوی وڵاتەکەی هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان.

 

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ٦٢ هەزار کەس لە سەرانسەری عێراق بەهۆی بارودۆخی وشکەساڵییەوە ئاوارە بوون.