فیلمی "نامەکانی شەنگال" لە هامبۆرگ نمایش دەکرێت

فیلمی "نامەکانی شەنگال" کە لەلایەن دەرهێنەر دەرسیم زێرەڤانەوە ئامادە کراوە، لە ساڵیادی هێرشەکانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ سەر شەنگال، یەکەم جار لە ئەوروپا نمایش دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دامەزراوەی کەزی لە ڕۆژئاوا بە هەماهەنگی لەگەڵ "Art Record" لە ئەڵمانیا و ماڵی ئێزدییان لە ئەوروپا دەستیان کردووە بە نمایشکردنی فیلمی "نامەکانی شەنگال"، یەکەم نمایشی فیلمەکە لە ٣ی ئاب، لە ساڵیادی هێرشەکانی سەر شەنگال لە هامبۆرگی ئەڵمانیا دەبێت، دوای ئەوە فیلمەکە لە سەرانسەری ئەوروپا نمایش دەکرێت.

 

چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، هێرشیان کردە سەر شەنگال و ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی کوژران و ڕفێندران و زۆرێکیش چارەنووسیان هێشتا نەزانراوە، فیلمی "نامەکانی شەنگال" لەلایەن بەرهەمهێنانی نوژیان بەرهەمهێنرا و لە ئامادەکردنی دەرسیم زیرەڤانە، ئامادەکارییەکانی لە ساڵی ٢٠١٨ دەستیپێکرد.

 

فیلمی "نامەکانی شەنگال" هەم بیر، دراما و دۆکیومێنتاری تێدایە، سەرەڕای ئەوەش، ئەو ئێش و ئازارەی کە لە شەنگال ئەزموون کراوە، ڕزگاربووانی خەڵکی شەنگال و شەڕڤانانی ئازادی و دایکان، کە هیوای سەرکەوتن دەخوازن، لە فیلمەکەدا دەردەکەون، فیلمەکە لە ٤ بەش پێکهاتووە و لە هەر بەشێکدا نامەیەک دەردەکەوێت.