ژنێکی گەنج بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

لە شارۆچکەی پیرەمەگرون ژنێكی گەنجی ١٧ساڵ بەناوی (ش، ر) بە گوماناوی سووتا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

ناوەندی هەواڵ

 

گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لە باشووری کوردستان بەردەوامی هەیەو بکوژانی ژن بۆ ئەوەی سزای یاسایی دەربچن کوشتنەکان گوماناوی دەکەن، لە نوێترین ڕووداودا شەوی ١٢ی شوبات، لە شارۆچکەی پیرەمەگرونی سلێمانی ژنێکی گەنج بە گوماناوی و بە سووتان گیانی لەدەستدا.

 

لەو بارەیەوە ئەنوەر محەمەد، سەرپەرشتیاری یەكەی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی پیرەمەگروون بۆ راگەیاندنەکان ئاماژەی بەوەکردووە، لە دوای كاتژمێر ١١:٠٠ی شەوی ١٢ی شوبات، ژنێك بە سووتاوی گەیشتە نەخۆشخانەی پیرەمەگرون، رێژەی سووتاویەكەی زۆر بووە و لای ئەوان چارەسەری سەرەتایی بۆكراو ڕەوانەی نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی كراوە.

 

وتووشیەتی: ژنەکە تەمەنی ١٧ ساڵە، سێ ساڵە هاوسەرگیری كردووە و دایكی منداڵێكی شەش مانگ بووە.

 

دوانیوەڕۆی ٣ی شوبات، لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ژنێک بە ناوی لەنیا ئەحمەد، کە تەمەنی ٣٣ ساڵ بوو بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن خاڵییەوە کە تاوانباری داعش بوو کوژرا، هەروەها شەوی ٢ی شوبات، لە گەڕەکی کانی کوردەی سلێمانی، ژنێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.