"هەردوو هەڤاڵانمان ژیانی خۆیان لە پێناو ئازادیدا بەختکرد"

ئەمڕۆ پرسەی هەریەک لە دلاوەر عەرەبۆ ناسراو بە هۆگر دربەسی، ئەندامی پەیەدە و هیڤا عەرەبۆ، ناسراو بە سالیحە ڤیان، ئەندامی كۆردناسیۆنی كۆنگرەی ستار، لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە بارەگای نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی، پرسەی هەریەک لە دلاوەر عەرەبۆ ناسراو بە هۆگر دربەسی، ئەندامی پەیەدە و هیڤا عەرەبۆ، ناسراو بە سالیحە ڤیان، ئەندامی كۆردناسیۆنی كۆنگرەی ستار بەڕێوەچوو، کە  لە ٢٧ـی كانوونی دووەم لە سنووری شارۆچكەی ڕانیە، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری تورك گیانیان بەختکرد.

 

چەند شاندێكی لایەنە سیاسییەكان، مامۆستایانی ئاینی و نوێنەری زەردەشتیان، چەند كەسایەتیەكی سیاسی و ئازادیخواز بەشداریی مەراسیمەكە بوون پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستە كەس و كاری شەهیدان كرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێبازەكەیان دووپات كردەوە.

 

هەروەها لە پرسەکەدا باس لە کەسایەتی سالیحە ڤیان و هۆگر دربەسی کرا، کە ژیانی خۆیان لە پێناو گەلەکەیان و ڕێگای ئازادیدا بەختکرد.

 

"ئێمە ڕێگە و ڕێبازی هەڤاڵان و شەهیدانمان بەرنادەین"

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پەیەدە لە باشووری کوردستان، باس لەوەدەکات، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بۆ بڕینی دەنگی ئازادی دەربڕینی کوردە، دەڵێت: لە ڕێگەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بەردەوام کەسانی ئازادیخواز بە ئامانج دەگیرێن، وەک دەبیندرێت لە ٢٧ی کانوونی دووەمدا هەردوو کەسایەتی کوردپەروەر و ئازادیخوازیان بە هێرشی درۆنی کردە ئامانج، کە ئامانج بڕینی دەنگی ئازادە لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت، دەبیندرێت دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ تێکدانی ئیرادەی گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن، لە باشووری کوردستانیش لە ناوچەی ئازاددا هاوڕێیان و هەڤاڵانمان (دلاوەر عەرەبۆ و هێڤا عەرەبۆ) لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە کاتی ئاسایدا بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە بە ئامانج گیران، چونکە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنیان بەدەستنەهێناوە و پەل دەهاوێژن بۆ هەڤاڵانمان لە ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا.

 

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ئەمڕۆ وەک وەفایەک بۆ هەڤاڵانمان ڕۆژێک بۆ ماتەمینی لە سلێمانی ئەنجام دەدەین، وەک هەبوونی وەفایەک و بیرهێنانەوەیەک بۆ خەباتیان، لە ڕێگەی سەردانیکردنی لایەن و هاوڕێ و هاوکاران و کوردپەروەرانی باشووری کوردستانەوە کەمێک لە ئازارەکانمان کەم بووەتەوە، بەڵام ئەم هەڤاڵانەمان لە باشووری کوردستاندا بەهۆی دەستی خیانەتەوە یەکەم شەهید نین، ئێمەی هاوڕێیانیان بە بەرخۆدانی و بەرگریکردن لە ڕێگەو ڕێبازی ئەوان بەردەوام دەبین، بانگەوازیمان بۆ کوردان لە هەر جێگایەکی کوردستاندا بن ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانمان بەرنەدەین.