ژنانی ئیدلب لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش دەکرێن
ژنان لە ئیدلب کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادایە، بەهۆی یاسای نادادپەروەرانە و جیاکارییەکانی بواری مافی کەسی و یاسای خێزان، لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن.
هەدیل عومەر
ئیدلب- لە ئیدلب کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی تەحریر ئەلشام (هەتەشە)دایە، پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان بە "سونەتی" پێناسە دەکرێت، یاساکانی ئێستا بەس نین بۆ پاراستنی ژنان، بە پێچەوانەوە ئەو یاسایانەی کە بە عەقڵی پیاوان دروست دەکرێن، دەبنە هۆی ئەوەی ژنان هێندەی تر ستەمیان لێ بکرێت.
زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای گۆڕانکاری یاسایی دەکەن بە ئامانجی پتەوکردنی مافەکانی ژنان، بەڵام لە هەلومەرجی ئێستای داگیرکاریدا، جێبەجێکردنی ئەمانە زۆر ئەستەمە.
بۆ ئەوەی لە هاوژینەکەی جیابێتەوە بەدیلێکی زۆری داوە
سارا ئەلدودی، کە بەهۆی توندوتیژیی هاوژینەکەیەوە بڕیاری جیابوونەوەی داوە، وتی: هەستدەکەم کە بوومەتە دیلی یاسا، کاتێک بڕیارمدا لە هاویژنەکەم جیاببمەوە، زۆر ئازارم چەشت، ناچار بووم دەستبەرداری هەموو مافەکانم بم تا خۆم لێی جیا بکەمەوە، هەروەها سەرنجم بۆ منداڵەکەم لەدەستدا، چونکە یاسا بەرژەوەندییەکانیان ناپارێزێت، یاسا هەمیشە لەگەڵ پیاودایە، یاساکان پیاوان دەپارێزن تەنانەت لە بارودۆخی خراپیشدا، هەست بە لاوازییەکی زۆر دەکەم کاتێک دەبینم منداڵەکانم لێم دوورن، هیچ یاسایەک نییە یارمەتیم بدات".
دوای مردنی هاوژینەکەی، مافی میراتی وەرنەگرتووە
لەیلا ئەلعەود، تەمەن ٢٠ ساڵ، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا ڕووبەڕووی چەندین فشاری خێزانەکەی بووەوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکدا بکات کە نەیویستووە و بە چەندین سەختی تێپەڕیوە و وتی: لێرەدا یاساکان بەسەرماندا دەسەپێنن، ئێمە تەنها ئامڕازی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەوانی ترین، خەونی من ئەوەیە ژنان خۆیان هاوژینی ژیانیان هەڵبژێرن، بەبێ ئەوەی فشاریان لەسەر بێت، کاتێک لەگەڵ هاوژینەکەم کێشەم هەبوو، نەمدەتوانی ڕوو لە یاسا بکەم بۆ ئەوەی خۆم بپارێزم، زۆرجار دۆسیەی توندوتیژی خێزانی پشتگوێ دەخرێت، هەست دەکەم لە بازنەی ترس و دڕندەییم.
لەیلا ، کاتێک هاوژینەکەی لە شەڕدا گیانی لەدەستدا، پێشبینی ئەوەی کرد کە میراتەکە بۆ خۆی و منداڵەکانی بەجێبهێڵدرێت، بەڵام بەپێی یاسا میراتەکە بۆ خێزانی هاوژینەکەی جێهێڵدراوە تا منداڵەکانی گەورە دەبن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ناچار بوو پشت بە کەسانی دیکە ببەستێت.
هەروەها لەیلا ئەڵعەود ڕایگەیاند، لە ئیدلب ژنان هەمیشە لە ئاستی دووەمدان و ئەم لە کاتێکدایە کە داوا لە ژنان دەکرێت مۆڵەت لە هاوژینەکانیان یان پیاوە نزیکەکانیان وەربگرن بۆ بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیان.
بەهۆی نەبوونی یاساوە لە مافەکانیان زەوت دەکرێن
نور هرێتانی تەمەن ٣٤ ساڵ، سەختییەکانی خۆی لەگەڵ یاسا و ململانێکان باسکرد و وتی: پێشتر لە ناوەندە تەندروستییەکان کارم دەکرد، بەڵام کاتێک هاوسەرگیریم کرد پێیان وتم کە پێویستە واز لە کارەکەم بهێنم، چونکە هاوسەرەکەم منی بۆ کارکردن ناوێت،. ئەم کارانە وا لە من دەکەن هەست بکەم کە هیچ مافێکم لە ژیانمدا نییە، کاتێک منداڵەکەم لە دایک بوو، پێم وابوو دەتوانم بڕیار لەسەر ژیانی ئەو بدەم، لانیکەم ناوی لێ بنێم، بەڵام بینیم هەموو شتێک ڕەزامەندی باوکی دەوێت، من تووشی کێشە بووم و بینیم چۆن مافی دایک لە ژێر ناوی داب و نەریت و یاسادا دەڕوات.
نور هرێتانی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە پشتیوانی زیاتر لە ژنان بکەن، هەروەها لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، دەیەوێت دەنگی گۆڕانکاری بێت، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا ڕوونە کە کارەکانی بێهودەن، چونکە پێویستی بە خەڵکێک هەیە کە گوێی لێ بگرن و ڕێز لە مافەکانی بگرن.