ژنانی سووریا هەوڵ دەدەن ئامادەیی خۆیان لە سووریای نوێدا مسۆگەر بکەن
گروپێک لە ژنانی سووری لە شاری تەرتوسی سووریا باسیان لە دۆخی ژنان لەو وڵاتە کرد و بۆچوون و پێشنیارەکانیان خستەڕوو و پلانی کارکردنیان داڕشت کە پێویستی هەوڵدان بۆ ژنان لەخۆگرتبوو بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوونیان لە هەموو لایەنەکانی سووریای نوێدا.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250211-jpg34b4ab-image.jpg)
ناوندی هەواڵ
بە ناونیشانی “ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی سووریا و بەشداریکردن لە داڕشتنی دەستوور”، ئەنجومەنی ژنانی سسوریا دانیشتنێکی دیالۆگی لە شاری تەرتوس بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوانان، چالاکانی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و نوێنەرانی کۆمەڵەی سندی، کۆمەڵەی منداڵانی خۆشەویستی، و دامەزراوەی کوون، بۆ نوێنەرایەتیکردنی گروپە جیاوازەکانی سووریا ڕێکخست.
لە دانیشتنی دیالۆگ بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە تەرتوس، ڕەهاب ئیبراهیم، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی سووریا، جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی نوێدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئاماژەی بەوەدا کە ژنان توانیویانە، لە ماوەی ڕابردوودا، هەنگاوی گەورە بەدەستبهێنن، کە بەشدارییان کردووە لە پاراستنی بوونی خۆیان لە سووریای نوێدا.
ڕیم عوسمان، چالاکوانی مافی مرۆڤ و کارگێڕی ئەنجومەنی کۆمەڵەی منداڵانی خۆشەویستی، تیشکی خستە سەر پەراوێزخستنی ڕۆڵی ژنان و زەوتکردنی مافەکانیان لە ڕێگەی دەستوورەکانی سوریا لە ساڵی ١٩٥٠ تا ٢٠١٢.
هەروەها سوهاد عەلی، کارگێڕی ئەنجومەنی کۆمەڵەی سندی بەشداری کرد بۆ ناساندنی ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی سووریا و ئەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
هەروەها بەڵگەفیملێک نمایشکرا سەبارەت بە کارەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە و ڕۆڵی لە یەکخستنی ژنان لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی سووریا.
دانیشتنەکە بە پێشکەشکردنی بۆچوون و پێشنیارەکان و پەرەپێدانی پلانی کار بۆ ژنان لە قۆناغی نوێدا کۆتایی هات.