ژنانی کۆبانی: ماوەی ساڵێکە گەلان و پێکهاتەکانی سووریا کۆمەڵکوژ دەکرێن
ژنانی شاری کۆبانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تووڕەیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە ناوچە چەکەنارییەکانی سووریا و سوەیدا ئەنجام دەدرێن، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، کە سووریا بووەتە شوێنی کوشتن و لەناوبردنی گەلان.
پەرچەم جودی
کۆبانێ- ڕێکخراوە جیهادییەکانی هەتەشە کە ماوەی ساڵێکە بە فەرمی خۆیان وەک حکومەتێکی کاتی ڕێکدەخەن، لەژێر پەردەی پاراستن و پاکتاوکردن و یەکخستنی سووریادا دەیان کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە.
چەتە جیهادییەکان پێشترهێرشیان کردۆتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ناوچە کەنارییەکانی سووریا و سوەیدا، بۆ ئەمەش گەلی عەلەوی و دروز کەوتۆتە بەرکۆمەڵکوژی، کە تێیدا هەزاران کەس کوژراون و هیچ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیەکیشی بۆی نەکراوە.
ژنانی شاری کۆبانی هەڵوێست و توڕەیی خۆیان لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانە دەربڕی کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن، ژنان لە ڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە هاوسۆزی خۆیان بۆ ژنانی عەلەوی و دروز دەربڕی.
''ساڵێکی پڕلە جینۆساید بابەتی گفتوگۆبوو''
بێریڤان جومعە سەرنجی بۆ ئەو ڕووداوانە ڕاکێشا کە ڕوویان داوە، وتی: "ئەگەر سەیری ڕەوتی ساڵ و ئەو ڕووداوانە بکەین کە لەو ماوەیەدا ڕوویانداوە، بۆمان دەردەکەوێت هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە، جارێکی دیکە حکومەتی بەناو کاتی هەمان عەقڵیەت و کردار ئەنجامدەدات"، هەروەها"حکومەتی کاتی سەرەتا هێرشی کردە سەر کەمینەکانی سووریا و دەیان کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، لەنێویاندا کوشتنی سەدان ژن و منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو، ساڵانێکە گەلان لە سووریا پێکەوە ژیاون و هیچ دوژمنایەتییەک تا ڕادەی لەناوچوون نەبووە، بەڵام لە ماوەی ساڵەکەدا عەلەوی و دروز و کورد بوونە جێگای هێرشی جینۆساید''.
بێریڤان جومعە ئاماژەی بەوەدا، کە هەتەشە دەیەوێت گەلان لە سووریا لەناوببات و درێژە بە هەڵسەنگاندنەکەی دەدات لەسەر ئەمە و وتی: "ئێمە ناڵێین ڕژێمی بەعس هیچی نەکردووە، کە لەسەدا سەد کۆنترۆڵی سووریای بەدەستەوە بووە، هەروەها ڕژێمی بەعس لەڕووی کولتوور و زمان و ناسنامەوە گەلی سووریای ئاسمیلە کرد، بەڵام لانیکەم ئەم ئاسمیلەکردنە لە ئاستی ئایدیۆلۆژیدا بوو، حکومەتی جۆلانی چی دەکات؟، لەڕووی جەستەییەوە گەلی سووریا لەناو دەبات و هەوڵدەدات بوونی ئەوان لە جوگرافیای سووریادا نەهێڵێت، هەروەها کوشتن، تاڵانکردن، وێرانکردنی شوێنە مێژووییەکان، گۆڕینی دیمۆگرافی، ئەمانە ئەو کارانەن کە ساڵێکە گەلی سووریا ڕووبەڕووی دەبێتەوە''.
''ڕووخاندنی سیستمی پاوانخوازی و جینۆساید لە ڕێگەی دەسەڵاتی گەلەوە مومکینە''
ئەڤین بەرەوارد هەستی خۆی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییە بەردەوامەکان دەربڕی، وتی: "سووریا بە ساڵێکی خوێناوی و تاریکدا تێپەڕیوە، ئەو ڕووداوانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕوویانداوە بارودۆخی سووریای زیاترئاڵۆزتر کردووە و تەنانەت شەڕی خێڵەکی لێکەوتووەتەوە، وەک ژنێکی کورد، ویژدانم تەسلیمی ئەم کۆمەڵکوژییانە نییە کە لە ناوچە کەناردەریاکان و سوەیدا ڕوودەدەن"، هەر لەبەر ئەم هۆکارە بە توندی و تووڕەیی هەڵوێست و کردار و عەقڵیەتی حکومەتی هەتەشە شەرمەزار دەکەم و دەڵێم نابێت سووریا بکەوێتە ئەم دۆخەوە.
''ژن لە ناوەندی شەڕدایە لە هەموو شوێنێک''
فاتمە خەلیل توڕەیی خۆی لە دۆخی ژنان دەربڕی و وتی: لە نێو ئەو گێژاوەی لە سووریادا هەیە، زۆر گرنگە ئێمە سەرنجمان لەسەر دۆخی ژنان بێت و چارەسەری ئەو جینۆسایدە بکەین کە تووشی دەبن، بەداخەوە بە درێژایی مێژوو ژنان هەمیشە لە ناوەندی شەڕ و ململانێکاندا بوون.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان لە ناوەندی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانن، دەبینین لە ئێستادا ژنان لە سووریا هەمان شتیان بەسەردا دێت، ژنانی سووریا زیانی جەستەیی و ماددی و دەروونیان پێدەگات، لە لایەک دەکوژرێن و لە لایەکی دیکەشەوە گیان لەدەست دەدەن، منداڵی عەلەوی و دروز لەبەردەم دایکیاندا کوژراون و ژنەکان لەبەرچاوی هاوژینەکانیاندا دەستدرێژییان کراوەتە، ئەبێت چی لەم دڕندەییە گەورەتربێت؟".
''تەنها ژنان دەتوانن کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئازاد بۆ خۆیان بونیات بنێن''
فاتمە خەلیل پشتگیری خۆی دەربڕی و وتی: ''ئێمە دۆستی ئازار و خەباتی هەموو ژنانی سووریاین''، هەروەها "لە دڵەوە بە هەموو ژنانی سووریا دەڵێم ئێمە دۆستی ئازارەکانی ئێوەین لە هەر شوێنێکی سووریادا بن، ئازار و خەباتی ئێمە بۆ هەموو ژنان هاوبەشە، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو ژنان دەکەم ببنە بەرەیەکی هاوبەش لە خەباتدا، ئەم سیستەمە حوکمڕانی و جیهادییانە ناتوانن ژیانێکی سەلامەت و ئازاد و دیموکراتیانە بۆ ژنان دابین بکەن، بەڵام دەبێت بە یەکڕیزی و هێز و ئیرادەمان ئەم ژیانە بونیات بنێین و پێکەوە دەتوانین سوریایەکی دیموکراتیک و ئارام بونیات بنێین''.