دەستپێشخەری ژنانی کوردی ئەوروپا کۆنفرانسێک ساز دەکات

دەستپێشخەری ژنانی کوردی ئەوروپا، بە دروشمی "بە یەکێتیی ژنانی کورد بەرەو کوردستانێکی ئازاد"، لە نێوان ١٢ بۆ ١٣ـی کانونی یەکەم لە شاری دیسنی هۆڵەندا کۆنفرانسێک ساز دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەری ژنانی کوردی ئەوروپا، بە دروشمی "بە یەکێتیی ژنانی کورد بەرەو کوردستانێکی ئازاد"، لە نێوان ١٢ بۆ ١٣ـی کانونی یەکەم لە شاری دیسنی هۆڵەندا کۆنفرانسێک ساز دەکات و لەڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ئامانجی کۆنفرانسەکە ڕوونی کردەوە کە ژنانی کورد پێشەنگایەتیی تێکۆشانیان دژی سیستەمی پیاوسالاری و تێکۆشانی مافە نەتەوەییەکان کردووە و ڕایگەیاند کە ئەم تێکۆشانە ئەمڕۆ بە "ژن، ژیان، ئازادی" گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ.

 

دەستپێشخەرییەکە باسی لەوە کرد کە لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکێتیی ناوخۆیی هەیە و وتی ئامانجی کۆنفرانسەکە بنیادنانی داهاتوویەکی ئازاد و یەکێتییە.

 

دەستپێشخەرییەکە وتیشی: "لەم قۆناغەدا کە گەلی کورد زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی و چارەسەرێکی دیموکراتیک هەیە، ئێمە وەک ژنانی کورد بۆ ئەوەی دەنگ و ئیرادەی خۆمان بۆ چارەسەری دەرببڕین، کۆدەبینەوە. وەک ژنانی جوگرافیا و دامەزراوە جیاوازەکان، کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە دژی سیاسەتەکانی ژنکوژی هەڵوێست نیشان بدەین و ڕێگەیەک بۆ ئاشتی بکەینەوە.

 

بەرنامەی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیەیە:

کۆنفرانسەکە لە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا و لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بە دانیشتنی یەکەم دەست پێ دەکات.

دانیشتنی یەکەم بە ناونیشانی "هاوبەشیکردنی ئەزموونەکان لە هەر چوار بەشەوە" دەبێت و تێیدا ئەزموونی پلاتفۆرمەکانی یەکێتیی نەتەوەیی ژنان لە کوردستان دەخرێنە ڕوو.


هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، وەزیری پێشووی عێراق نەرمین عوسمان،  و پەرلەمانتاری دەم پارتیی وان گوڵجان کاچماز ساگیگیت، قسە دەکەن.

 

دانیشتنی دووەم بە ناونیشانی "ژیانی تاراوگە و ناکۆکییەکانی بنەماڵە" بەردەوام دەبێت. مێژوو و هۆکارەکانی کۆچبەریی کوردان و ناکۆکی نێوان کەلتوور و مۆدێرنیتە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. لێرەشدا د. مونەوەر عەزیزۆغڵو بازان و ئەکادیمی سەحرا تاریح مافی قسەکردن وەردەگرن.

 

دانیشتنی سێیەم بە ناونیشانی "ڕۆڵی دەوڵەتانی ئەوروپا لە پرسی کورددا" بەڕێوە دەچێت. سیاسەتەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا بەرامبەر کورد و تێڕوانینی سیاسیی کورد لەسەر ئەوروپا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.  د. سوهەیلە شەهریاری، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەورووپای پەیەدە مزگین ئەحمەد و ئەندامی کژار مریەم فەتحی قسە دەکەن.

 

دانیشتنی چوارەمیش بە ناونیشانی "یەکێتیی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات، بوون و پاراستنی ژنان" بەڕێوە دەچێت. بەڕێوەبەری ئەم دانیشتنە جەلانە نەقشبەندییە. لەم دانیشتنەدا گفتوگۆ لەسەر یەکێتیی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات و ڕۆڵی ژنان لە پاراستندا دەکرێت.

 

چالاکوانی تەژەئا دیلان درایەت تاشدەمیر و چالاکوانی سیاسی دەرسیم زەند بابەت پێشکەش دەکەن.