ژنانی گەنجی کورد و ئەرمەنی بانگەواز بۆ خاوەنداریکردن لە دەستکەوتەکانی ژنان دەکەن
ژنانی گەنج جەختیان لەوە کردەوە کە سووریای نوێ پێویستی بە دەستورێکە کە لەلایەن ژنانەوە نووسرابێت و وتیان: ئێمە بازنەیەک لە دەوری سووریا پێکدەهێنین بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250212-jpgb1a941-image.jpg)
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی ئیدارەی کاتی سووریا لەلایەن چەتەکانی تەحریر شامی جیهادییەوە، بۆ جارێکی دیکە ژنان لە سووریا تووشی دڕندەیی و کوشتن دەبنەوە، ژنانی گەنج تووڕەیی خۆیان لە تاوانەکانی دژ بە ژنان لە ناوچەکانی ژێر ئیدارەی کاتی سووریا دەربڕی و داوای پاراستنی بەها و دەستکەوتەکانی ژنانیان کرد کە لە ئەنجامدا سیستەمی حوکمڕانی بەعسی ڕووخاند.
'پێویستە ژنانیش بەشداربن لە نووسینی دەستووری نوێ"
بێریتان ڕۆژ، وتەبێژی یەکێتی ژنانی گەنج ڕایگەیاند کە سووریا پێویستی بە ژنان هەیە بۆ نوێنەرایەتی بوون و مافەکانی ژنان لە ئیدارەی کاتیدا و وتی: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئیدارەی کاتی چەتەکانی هەتەشە، بینیمان کە ژنانی پێکهاتەکانی عەلەوی و سووری و عەرەب تووشی توندوتیژی و دزی و کوشتن هاتوون، لە ئیدارەی کاتی سووریادا هیچ ڕۆڵێک بۆ ژنان نییە، ژنێک بەناوی ئایشە دیبیس لەوێ جێگەی خۆی گرتوە، بەڵام ئەو ژنە بە عەقڵی دەسەڵاتدار مامەڵە دەکات و نوێنەرایەتی ژنانی سووریا ناکات.
"ژنان ١٣ ساڵە خەبات دەکەن، و درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن"
بێریتان ڕۆژ باسی لەوەکرد کە ۱۳ ساڵە ژنان شەڕ دەکەن بۆ دەربازبوون لە ڕژێمی دەسەڵاتدار، جەختی لەوەش کردەوە کە لەمەودوا خەباتیان بەهێزتر دەبێت و وتیشی: ئەوان بەرخۆدان و قوربانیدان نیشان دەدەن، بۆیە ناتوانرێت ڕژێمی ئێستای حکومەتی کاتی سووریا قبوڵ بکرێت و نوێنەرایەتی بکرێت، بۆ بونیادنانی سووریایەکی یەکسان و دیموکراسی پێویستە بەشداری بکەین لە نووسینی دەستووری سووریا، نەبوونی ژنانی گەنج لە سووریای نوێدا جارێکی دیکە کۆمەڵگەی سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ستەم و کۆیلایەتی، بۆ بونیادنانی سووریایەکی یەکسان و دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەر پێویستە ژنان لە نووسینی دەستووردا جێگیر بکرێن و لە هەموو ڕوویەکەوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بۆ ئەوەی هەنگاوی باشتر بنێین، پێویستە ڕێکخستن و یەکڕیزیمان وەک یەکێتی ژنانی گەنج بەهێزتر بکەین.
'ڕۆڵ و بوونی ژنان لە سەدەی بیست و یەکەمدا شتێکی بنەڕەتییە'
لۆسناک کاڤۆریان هاوسەرۆکی بزووتنەوەی لاوانی ئەرمەنستان ئاماژەی بەوەدا کە عەقڵیەتی بە کۆیلەکردنی ژنان لە سەدەی بیست و یەکدا قبوڵکراو نییە و بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: لەماوەی ئەم ساڵانەی شەڕ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنانی گەنج بە ئیرادەی ئازاد و فەلسەفە ڕێکخرابوون، ژنانی کورد، عەرەب، ئەرمەنی و سووری لە بواری سەربازی و سیاسی و بڕیاردان جێگەی خۆیان گرتەوە، بۆ پاراستنی بەها و مافەکانی ژنان کە بە ساڵانێک کاری قورس و بەرخۆدان بەدەستیان هێناوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرد، دواتر کار لەسەر نووسینی پەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان ئەنجامدرا.
"سووریا پێویستی بە کۆنگرەیەکی نیشتمانی هەیە کە تێیدا ژنان ڕۆڵیان هەبێت"
لۆسناک کاڤۆریان جەختی لەوە کردەوە کە لەم کاتەدا سووریا پێویستی بە کۆنگرەیەکی نیشتمانی هەیە کە تێیدا ژنان ڕۆڵیان هەبێت و ڕۆڵی ژنانی گەنج لە نووسینی دەستووری سووریادا جەوهەرییە و هەروەها وتی: چونکە لەگەڵ ژنانی گەنج، سوریا بەرەو بنیاتنان و گەشەپێدان هەنگاو دەنێت، هەوڵی ژنان هەمیشە بۆ ئاشتی و یەکسانی و بونیادنانی وڵاتێکی دوور لە خوێنڕشتن بووە، بۆیە قەیرانی سووریا بە دەست و هۆشیاری ژنان چارەسەر دەکرێت، ئەمڕۆ داوا لە ئێمەی گەنجانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، بەرخۆدانمان بەهێزتر بکەین و ببینە بازنەیەک لە دەوری سووریا.