ژنان لە گروپێکی پیادەڕویدا ناوچەکانی هەرێم بەسەر دەکەنەوە
ژنان لە ڕێگەی پیادەڕەوی ناو سروشت، پارێزگاریی لە تەندروستی جەستە و دەروونیان دەکەن و هاوکات وەک دەرفەتێک دەیبینن بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
دێرین ڕەحیم – هێلین ئەحمەد
سلێمانی-گروپی پیادەڕەوی ژنانی سلێمانی ماوەی حەوت ساڵە لەلایەن چیمەن عوسمان و ناهیدە ئەحمەد دامەزراوە، خۆیان خاوەنی هۆڵێکی لەشجوانین، پێشتر چالاکی پیادەڕەویان تایبەت بە بەشداربووانی هۆڵەکە بووە، بەڵام دواتر بەهۆی زۆری خواست لەسەر چالاکی پیادەڕەویی ئەو گرووپەیان دامەزراندووە، ماوەی چەند ساڵێکە کولتووری پیادەڕەویی لەناو ژنانی باشووری کوردستاندا پەرەی سەندووە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەندین گروپی تایبەت درووستبوون، کە بەسەرپەرشتی مامۆستا و ڕێبەری بەئەزموون هەفتانە، ژنان دەچنە نێو سروشت و چالاکیی وەرزشی بۆ پارێزگاریی کردن لە تەندرووستییان ئەنجام دەدەن و چەندین کاتژمێر بە پێ دەڕۆن.
ئازانسەکەمان لەگەڵ یەکێک لە گروپە پیادەڕەوییەکانی شاری سلێمانیدا ڕاپۆرتیکی تایبەتی ئامادەکردووە و پرسیاری ئەو گۆڕانکارییانەی کرد کە ژنانی بەشداربوو ئەزموونیان کردووە.
" ئەم چالاکییانە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان ژناندا هەیە"
چیمەن عوسمان ، سەرپەرشتیاری گروپی پیادەڕەوی ژنانی سلێمانییە وتی: ماوەی حەوت ساڵە لەگەڵ دوو ژنە مامۆستای تر گرووپی پیادەڕەوی ژنانی سلێمانی دامەزراندووە، پیشتر کارمان لەسەر وەرزشی پیادەڕەوی کردوە بەڵام بەشیوازیکی جیاوازتر لەکۆمەڵیک ژنی چالاک لەگەڵمان بەشدارن لە هەر چوار وەرزی ساڵ لە پیادەڕەویکردن بەردەوامن، گروپی پیادەڕەوی ژنانی سلێمانی بە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ ئەندامی ژن پێکهاتووەو هەموو ڕۆژانی شەممە بە ئامادەبوونی سێ مامۆستا گەشت دەکەن، ئەم چالاکییانە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان ژناندا هەیە، چونکە ژنان لەو گەشتانەدا خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانیان هاوبەش دەکەن و لە چارەسەری کێشەکانی یەکتریدا پشتگیری یەکتری دەکەن، هەروەها زۆرجار توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتیش لەگەڵمان ئامادە دەبێت.
ئاماژەی بەوەکرد، کاتەکان بەپی وەرزەکان دەگۆڕێت لەوەرزی هاویندا کاتژمیر ٤بەیانی دەست پێکی هەنگاوەکانمان لەناو سروشتدا،لەوەرزی زستان و پایزدا لە کاتژمیر ٦:٠٠بۆ ٧:٠٠ بەیانی دەستپێکی پیادەڕەویەکان دەبێت، پیداوەستیەکان بۆ پیادەڕەوی ژنان جل و بەرگی کە سیمایی وەرزشی پێوە دیاربێت لەگەل پێلاوی وەرزشی و لەگەڵ باتومێک، رۆژانە لەبەردەم پارکی ئازادی شاری سلێمانی کۆدەبینەوە رۆژانە بۆ ماوەی ٣کاتژمیر لەەناو سروشتدا پیادەرەویمان کرد، ژەمی بەیانی لەسروشدا دەخوێت کاتژمیر ١٠ دەگەڕینەوە.
سەبارەت بە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم گروپە چیمەن عوسمان وتی: گرنگیدانە بە تەندروستی ژنان لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵ و فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە، هەروەها، ئەم چالاکییانە دەرفەتێک بۆ ژنان دەڕەخسێنێت تا زیاتر بە سروشتی جوان و دڵڕفێنی کوردستان ئاشنا بن و پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ ژینگەی سروشتی دروست بکەن، وەرزشی پیادەڕەوی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستی جەستەیی هەیە، چونکە یارمەتیی دابەزاندنی کێش دەدات و بۆ ئەو کەسانەش کە نەخۆشیان هەیە سوودبەخشە، هەروەها، ئەم وەرزشە ڕۆڵێکی گرنگ لە تواندنەوەی چەوری هەیە، بە تایبەتی چەوریی سەر جگەر.
چیمەن عوسمان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، گروپی پیادەرەوی ژنانی سلیمانی یەکەم گروپ بووین لەسەر ئاستی شاری سلیمانی دامەزراین، لەئێستادا زۆر گروپی پیادەرەوی دامەزراوە، ئێمە دەمانەویت بەردەوام گروپەکان لەنێوانیاندا تەبایی و هەمەهەنگی بەردەوام هەبێت، کارێکی زۆرباشە چونکە هەمووان پیکەوە بەگروپ کار بۆ ژنان بکەین بۆ دڵخۆشی و گۆڕینی باری تەندروستی ژنانە.
"لەڕووی تەندروستییەوە سوودێکی زۆرم بینیوە"
شاناز جەلال بەشداربوو وتی: ماوەی چوار ساڵە لەگەڵ ئەم گروپی پیادەڕەویەدام بەردەوام دێین، کاتی سەرما وگەرماش بەردەوامین لەپیادەڕەویدا، من کچەکانم و بوکەکانیشم و کچەزاکانیشم دەهێنم، بۆیە دەڵێم پێویستە ژنان لەماڵەوە بێنە دەرەوە ئەم سروشتە جوانە ببین، دەروونم و جەستەم سوودێکی زۆریان لەم چالاکییە وەرگرتووە، چونکە هەفتانە لەماڵەوە دێینە دەرەوەو ئاو و هەوایەکی پاک هەڵدەمژین و سروشتێکی جوان دەبینین، لە ڕووی تەندروستییەوە سوودێکی زۆرم لە پیادەڕەوی بینیوە، پێشتر کێشەی دەنگەنەفەسی و چەوریم هەبوو، بەڵام بەهۆی بەشداری لەم گروپەدا سوودێکی بەرچاو وەرگرتووە.
"ئامانج پاکرگرتنی ژینگەو بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە"
ڕاژان فەتاح، توێژەری کۆمەڵایەتی وتی: ماوەی سێ ساڵە لەم گروپەدا بەشدارم، ئامانجی ئەم گروپە ئارامی دەروونی و ئاشناکردنی ژنانە بەسروشت، تەمەنا دەکەم هەموو ژنان بەشداربن لەم گروپی پیادەڕەویانەدا بێجگە لەوەی کە سروست دەبینێتت لەڕووی تەندروستی و دەروونی سوودی زۆری هەیە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیش بەهێز دەبن، ئاشناکردنە مندالان و گەنجان و هەرزەکاران بەسروشتی جوانی کوردستان دەچیتەوە خزمەتی دۆزی نەتەوەیی و دەبیتە پاڵنەریک بۆ خۆشویستنی نیشتمان و ئەوی کە ئێمە چیمان هەیە یەکێک لەئامانجەکانی ئەم گروپە ژینگە بپارێزن و پێویستە ژینگە وەک ماڵی خۆیان سەیر بکەن و پارێزگاری لێبکەن، دەچیتەوە خزمەتی منداڵ و هەرزەکارانەوە لەڕێگەی ئەمەوە فێردەبن چۆن سروشتی خۆیان خۆشبویت و ژینگە پاک ڕابگرن.
"ژن واتە سروشت"
چرۆ حەمە موراد، بەشداربوویەکی دیکەیی گروپی پیادەڕەوی ژنان وتی: ماوەی سێ ساڵە لەم گروپەدا بەشداری دەکەم بەتامەزرۆییەوە چاوەروانی رۆژانی شەممە دەکەین بۆیە بینە ناو ئەم سروستە جوانەی کوردستان، پێویستە ژنان بەشداری ئەم جۆرە چالاکیانە بکەن بۆ لایەنی دەروونی و ناساندنی سروشتەکەی ژنان بەردەوام قەتیس کراون پێویستە بینە دەرەوە، پێویستە منداڵەکانمان لەگەل خۆماندا بهێنینە نیو سروشت ئاشنایان بکەین بەسروشتی جوانی کوردستان و لەرووی تەندروستیەوە لەتەمەنیکی کەمدا دەتوانێت ڕابهێندریت و چالاک دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ژن و ژینگە دووانەیەکی لێک دانەبڕاون ژن واتە سروست واتە جوانی واتە هێز پێویستە بەردەوام بێنە ناو سروست، بۆیە مێشکیان ئارام بیتەوە لەڕووی دەروونیەوە سودێکی زۆری بۆ ژنان دەبێت، ڕۆژانی هەفتە کەدێن بۆ پیادەرەویی جل و بەرگی وەرزشی و ژەمێک خواردنی سوکە لەگەڵ خۆمان دەهینین، لەگەڵ ئەم گروپی پیادەرویدا گەشتی شارەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش دەکەین، من لەرووی کێشی جەستەیەوە زۆر قەڵەو بووم و نەخۆشی غودەم هەبوو بەهۆی ئەم پیادەرویەوە لەئێستادا کێشێکی تەندروستم هەیە، چونکە بەردەوام دێمە ناو سروشتەوە لەرووی دەروونیەوە مێشکێکی ئارامم هەیە.