لە سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەری ژنە شۆڕشگیرک لادرا

لە سلێمانی مەڕاسیمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری ئاگنیتا کلینگ، شۆڕشگێڕ و چالاکوانی مافی مرۆڤی سویدی بەڕێوەچوو.

سلێمانی


ئەمڕۆ لەکۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لەشاری سلێمانی،  بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتی  و چالاکوانان و نووسەران و ڕۆشنبیران توێژە جیاوازەکان مەڕاسیمێکی تایبەت پەردەلادان لەسەر پەیکەری ئاگنیتا کلینگ، شۆڕشگێڕ و چالاکوانی مافی مرۆڤی سویدی بەڕێوەچوو.


ئگنیتا کلینگ، ژنێکی شۆڕشگێڕ و چالاکوانی مافی مرۆڤسی سویدی بوو، وەک یەکەمین ژنی بیانی لە ساڵی ١٩٨٠چووەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاخ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی پێشووی عێراق، لەگەڵ هاوژینەکەی چەکیان هەڵگرت و پەیوەندییان بە شۆڕشی نوێوە کرد، لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان خەباتیان کردووە و شانبەشانی پێشمەرگەکانی تر ئەرکی جۆراوجۆریان جێبەجێ کردووە سەرەڕای بەشداریکردنی لە خەباتی چەکداری، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە گەیاندنی پەیامی کوردا بە ئەوروپییەکان و خزمەتکردن بە کەرتی تەندروستی و پەروەردە لەناو شۆڕشدا.


مهاباد شێخ ئەحمەد ئەمین، ئەندامی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان وتی: دیارە ئەمڕۆ مەراسیمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری هەڤاڵ ئاتینا شێخ موس کەتێکۆشەرێکی خەباتی نەتەوەیی گەلەکەمان بوو بەڕێوەچوو، پێمان خۆشبوو پەیکەری ئەوان بۆ مێژوو بنەخشێنین، ئەو ئەزموونە جوانەی سەرەتایی شۆڕشی نوێ بمێنێتەوە بۆ نەوەیی داهاتوومان، ئێمە خۆمان بەنەوەیی شۆڕش دەزانین هیوادارین نەوەی داهاتوومان کوڕدستان بپارێزن، دەبێت دروستکردنی پەیکەر دەلالەت بێت لە هەموو ژنە شوڕشگێڕەکان کە ڕۆحی پاکیان فیدای خاکی کوردستان کردووە، ئەم پەیکەرەی ئەمڕۆ دەبێتە سیمبولێک بۆ ئەوەی لەساڵانی داهاتوودا گرنگی بەخەبات و تێکوشانی ژنان بدرێت و پەیکەریان بۆ دروست بکرێت.

 

نەرمین مەعروف، چالاکوان وتی: ئەگنێتا وەک ژنێکی شۆڕشگێر ڕاستە خەڵکی سوید بوو، لەڕۆحدا کوردپەروەرێکی دانسقەو کەم وێنەبوو، ئەوەی ئەو لەوسەردەمەدا کردی کەم ژن هەبوو لەو سەردەمەدا ترسناکەدا ئەو بووێریەی هەبێت لەژیانێکی سەختی پێشمەرگایەتیدا و لەنەبوونیدا ژیانی کرد. ئەمانە هەمووی مەترسی بوون بۆ کەسێکی سویدی زۆر بەدڵخۆشی دەژیاو ببوو بەهاوڕێی هەمووان.