دوو خوشک لە ئێران سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا
دادگای ئینقلابی تاران سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر مینا کوچکی و سەمیرە کوچکی کە لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراون، سەپاند.
ناوەندی هەواڵ
مینا کوچکی و خوشکەکەی سەمیرە کوچکی کە لە کاتی خۆپیشاندانە بەربڵاوەکاندا کە لە مانگی کانوونی دووەمدا کە سەریهەڵدا، دەستبەسەر کران، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە کۆی گشتی دە ساڵ زیندانی سزادراون، ئێستا لە زیندانی ئەڤین لە تاران سزاکانیان بەسەر دەبەن، ئەو دوو خوشکە بە ناوەکانی مینا کوچکی و سەمیرە کوچکی بە سزای دادگای ئینقلابی تاران هەریەکەیان بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزاداراون، مینا کوچکی دایکی دوو منداڵە، سەمیرە کوچکی دایکی منداڵێکە، لە ئێستادا لە زیندانی ئێڤین سزاکانیان بەسەر دەبەن.
لە ١٦ی شوباتدا دوای ماوەیەک لە زیندانەکانی قەرتچاک و ڕامین، ئەو دوو خوشکە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بەو لقەی کە بڕیارەکەی دەرکردووە یان سروشتی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە، بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش جارێکی دیکە تیشک دەخاتە سەر نەبوونی ڕوونی لە ڕێکارە دادورەیەکان لەگەڵ دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
فشار لەسەر ژنانی خۆپیشاندەر بەردەوامە
ئەو سزا توندانەی بەسەر مینا و سەمیرە کۆجاکیدا سەپێندراون لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هۆشدارییان داوە لە پەرەسەندنی فشارەکان بۆ سەر ژنانی خۆپیشاندەران، بەتایبەتی ئەوانەی لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی دوای شۆڕشی ساڵی ٢٠٢٢ دەستگیرکراون، زۆرێک لەو ژنانەی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون، نەک تەنها سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراون بەڵکوو چەندین جۆری دوورخستنەوەی کۆمەڵایەتی و فشارە ئەمنییەکان و هەڕەشەکردن لە خێزانەکانیان ڕووبەڕوویبوونەتەوە.
زانیارییە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە مینا و سەمیرە کوچکی پێشتر لە کاتی شۆڕشی گەلانی ٢٠٢٢دا دەستگیرکرابوون بەڵام دواتر بە لێبوردنی حکومەت ئازادکران، بەڵام دووبارە دەستگیرکردنەوە و دادگاییکردنیان لەلایەن چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە وەک بەڵگەیەک بۆ بەردەوامی ڕێبازی ئەمنیەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و ئەکتەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەتی ژنان سەیر دەکرێت.
ناڕوونی دادوەری و نیگەرانییەکانی خێزان
لە زۆر حاڵەتی هاوشێوەدا، خێزانی زیندانیانی سیاسی باسیان لە نەبوونی زانیاری ڕوون سەبارەت بە کارەکانی دادگاییکردنەکە و سنووردارکردنی سەردانەکان و فشارە ئەمنییەکان کردووە، هەروەها لە دۆسیەی مینا و سەمیرە کوچکیدا، هێشتا هیچ وردەکارییەکی فەرمی سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە، ڕێوشوێنی دادگاییکردنەکە یان ئەو بەڵگانەی کە بڕیارەکە لەسەری دامەزراوە، بڵاونەکراوەتەوە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دەرکردنی سزای درێژخایەن دژی ژنە خۆپیشاندەران، بەتایبەتی دایکان، نەک هەر کاریگەری لەسەر خودی دەستگیرکراوەکان دەبێت بەڵکو خێزان و منداڵەکانیان بەرەوڕووی زیانی دەروونی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبێت، ئەم لایەنە یەکێکە لە ڕەهەندە کەمتر دیارەکانی سیستەمی سەرکوت لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا.