ژن کوشتن لە باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە
دوێنێ لە هەولێر ژنێک بە فیشەک لەلایەن برایەکەیەوە کوژراە دواتر بکوژەکە خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

ناوەندی هەواڵ
ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ژنکوژی بەردەوامە لە دژایەتی ژنان، ژنان بەدەستی پیاوانی ناو خێزانەکانیان "باوک، برا، هاوژین، کەسوکار" دەکوژرێن، لە نوێترینڕووداودا لە هەولێر ژنێکی گەنج بەدەستی براکەی کوژرا.
دوێنێ ٢٣ی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی لە گوندی پیرڕەشی سەر بە ناحیەی کەسنەزانی هەولێر، کەسێک خوشکەکەی خۆی بەناوی (ئـ. س. ج.)ـی تەمەن ٢٠ ساڵان دەکوژێت، دوای چوونی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکردن لەسەری، پاش چەند کاژێرێک تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد.
ئاماژە بەوەکراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ بکوژەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
لە باشووری کوردستان لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٠ ژن کوژراون و ٩ ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.