ئاگری زنجیرەیی لە دارستانەکانی کوردستان

لە ئاگرەکانی زاگرۆسدا حکومەت نەک هەر کاردانەوەیەکی نیشان نەدا، بەڵکو هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی ژینگەیە، خەڵک، ڕێکخراوەکان و چالاکوانان ژینگەی کوردستان دەپارێزن.

لارا گەوهەری

 

مەهاباد- دارستان یەکێکە لە سامانی سروشتی و توخمە سەرەکییەکانی ژیانێکی تەندروست بۆ هەموو بوونەوەرەکانی جیهان، نزیکەی ٪٦٠ی بەکارهێنانی ئۆکسجینی جیهان لە ڕێگەی ڕووبەری سەوزاییەوە دابین دەکرێت، نزیکەی زیاتر لە نیوەی هەسارەی زەوی بە دارستانەکان داپۆشراوە، کە جگە لە مرۆڤ و ڕووەک، ژیان بە زۆرێک لە گیاندارەکان دەبەخشێت.

 

دارستانەکان ڕۆڵیان هەیە لە هاوسەنگی کەشوهەوا، ڕێگریکردن لە لافاو، زریان، بەفربارین و دابینکردنی ئاوی ژێر زەوی، پاککردنەوەی خاک و هەوا، گرنگی سامانە سرووشتییەکان جێگەی تایبەتی بەخشیوەتە ئەم بەشە لە پلاندانانی سیاسەت و وەبەرهێنانی وڵاتانی پێشکەوتوو و بەشێکی زۆر لە کات و وزە و سەرچاوە داراییەکانیان لەم بوارەدا بەسەر دەبەن، بەڵام لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی وەک ئێران، ئەم پلانانە هیچ جێگایەکیان لە کردارەکانی حکومەتدا نییە.

 

دارستانەکانی زاگرۆس و ڕۆژهەڵات لە کوردستان

ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووپۆشێکی دارستانیی سەرنجڕاکێشی هەیە، دارستانەکانی زاگرۆس لە ١١ پارێزگادا بڵاوبوونەتەوە کە ڕووبەرەکەی ٦ ملیۆن هێکتارە و ٤٠٪ی دارستانەکانی ئێران پێکدەهێنن، زاگرۆس بەسەر دوو ناوچەی باکووری زاگرۆس و باشووری زاگرۆس دابەشکراوە کە پارێزگاکانی لوڕستان، ورمێ، کوردستان و بەشێک لە پارێزگای کرماشان لەخۆدەگرێت، ئەم دارستانانە زۆرینەی ئاوی شیرین بەرهەم دەهێنن و زیاتر لە ٪٨٠ی ئاژەڵداری پێکدەهێنن.

 

زنجیرە چیای زاگرۆس گەورەترین و سەرەکیترین شوێنی نیشتەجێبوونی جۆرە جیاوازەکانی دار بەڕووە و نزیکەی ٪٧٠ی دارستانەکانی زاگرۆس پێکدەهێنن، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دار بەڕوو بە گرنگترین و زۆرترین جۆری درەخت دادەنرێت کە بەرگەی وشکەساڵی دەگرێت، تەمەنی زیاتر لە ٥٥٠٠ ساڵە و ئێستا ڕۆڵی سەرەکی لە دابینکردنی زیاتر لە ٪٥٠ی ئاوی ئێران هەیە، بە شێوەیەک کە هەر هێکتارێک لە دارستانی بەڕوو لە وەرزی بارانباریندا ٥٠٠ بۆ ٢ هەزار مەتر سێجا ئاو هەڵدەگرێت.

 

لەناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس

لە دەیەکانی ڕابردوودا یەک لەسەر شەشی ڕووبەری دارستانەکانی زاگرۆس بە هۆکاری جۆراوجۆر لەدەست چووە، زۆر هۆکاری مرۆیی و سروشتی بەشدارن لە لەناوبردنی دارستانەکان، با و زریان، وشکەساڵی و گەرما، خۆڵ، بەستەڵەک، لافاو، بەکارهێنانی دارستان وەک لەوەڕگە، لەناوبردنی زەوی دارستانەکان بۆ کشتوکاڵ و باخداری لە نێو ئەو هۆکارانەدان، دارستانەکانی زاگرۆس زیاتر قوربانی ئاگرکەوتنەوەی بە ئەنقەستن لەلایەن حکومەت.

 

ئاگرکەوتنەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناوچوونی دارستانەکان لە سەرانسەری جیهان، لە ئێران نزیکەی ٪٩٠ی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی هۆکاری مرۆییەوە ڕوودەدات کە بە تێکڕا نزیکەی ٪٨٥ لە هەموو جیهاندا.

 

سووتاندنی دارستانە خۆڕاگرەکانی ڕۆژهەڵات

پێشبینی دەکێت ساڵی ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵی جیهان بێت، ئەمەش بە مەترسییەکی جددی دادەنرێت کە مەترسی لەسەر ژیانی هەموو جیهان دروست دەکات، بەڵام دەکرێت بیانوویەک و ئامرازێکی گونجاو بێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی و ئەم خاکە.

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاویندا ئاگرێکی بەرفراوان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵات کەوتۆتەوە کە چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزی دەڵێن کارێکی بە ئەنقەستی دژ بە ژینگەی کوردستانە، ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی نەغەدە، مەریوان، سەردەشت، بانە نموونەی لە ناوبردنی ژینگەیە کە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ڕوویداوە، بووەتە هۆی مردنی چەندین زیندەوەر.

 

نەبوونی ئاسانکاری و سنووردارکردنی کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان

ئاگری دارستانەکان یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پێویستی بە کۆنتڕۆڵکردن هەیە لە هەموو جیهاندا، بەڵام لە ئێراندا نەبوونی ئیمکاناتی پێویست، لەوانەش هەلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە ناوچە دارستان و شاخاوییەکاندا، کێشەیەکی زۆر گەورەیە.

 

جگە لە ناکارایی حکومەت، سنووردارکردن و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان وایکردووە زۆرێک لە کۆمەڵەکان بە شێوەیەکی نافەرمی درێژە بە کارەکانیان بدەن و تەنانەت ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە و سنووردار دەبنەوە.

 

لە پشت پەردەی وێرانکردنی دارستانەکانی کوردستان

لە ناوبردنی ژینگەی کوردستان مێژوویەکی ڕوون و بەردەوامی هەیە، کێ و بۆچی ئەم پایتەختە سەوزانە لەناو دەبەن چەندین هۆکاری هەیە، بەڵام ڕوونە کە ئەنجامدەرانی ئەوانەن کە دوژمنی خاک و ژیانی کوردستانن.

 

حکومەت ڕۆڵی سەرەکی لە ئاگرکەوتنەوەکانی کوردستاندا دەبینێت و بەپێی ڕاپۆرتی جووتیارانی سەردەشت بە تەقینەوەی تەقەمەنی بەشێک لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی خەڵک ئاگر تێبەردەدەن، خەڵک خۆیان ئاگرەکە دەکوژێننەوە، حکومەت هیچ هاوکارییەک ناکات بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان و کەرەستەی پێویست بە خەڵک نادات، تەنانەت خەڵکەکەش دەستگیر دەکات و ڕێگری لە خەڵک دەکات ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.

 

شەپۆل.ک، خوێندکاری باڵای کۆمەڵناسی وتی: "کێشە ئابوورییەکان و هەژاریی کولتووری، لەگەڵ کارە پلان بۆ داڕێژراوەکانی حکوومەت، لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی لەناوچوونی دارستانەکان، دووبارەبوونەوە و قەبارەی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی کوردستان زۆر گوماناوی بووە، ئەگەری ئەوە هەیە هۆکاری پشت ئەم ئاگرکەوتنەوانە پەیوەندی خەباتەکانی ئەم دواییەی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" هەبێت، بە شێوەیەک کە لەگەڵ وێرانبوونی دارستان و شاخەن، هەستی وێرانکاری و بێدەسەڵاتی لە ناودا تەشەنە بکات کۆمەڵگای کوردستان."

 

وتیشی: "ئێمەی گەل، بە هاودەنگی و یەکگرتوویی خۆمان هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، کە نموونەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕی خەباتی دژ بە فاشیزمە، چونکە وێرانکردنی سروشتی کوردستان ئازاری هەموو خەڵک دەدات و لە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی مەریواندا هاوکاری خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی وەک شیرازمان بینی."

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " ڕێکخستنی خۆبەخشەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ئەم دواییە بەتایبەتی لە شاری مەریوان، هەروەها ڕۆڵی ژنان لە ڕێکخستن و ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری و کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا ئەوەندە بەرچاو بوو کە دەربڕینێکی "ژن، ژیان، ئازادئ" تێیدا بە ڕوونی دەبینرێت، کاتێک ئاگرێکی وەها زەبەلاح، کە مەریوان پێشتر نەیبینیبوو، لەلایەن بەرگریکاران و دۆستانی ژینگەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت بڵێین ئاگری ستەم و چەوساندنەوە کوژاوەتەوە."