هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئەنقەست خاکی سەردەشت دەسووتێنێت

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئەنقەست چەند جارێک ئاگریان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووەتەوە، لەپێناو لەناوبردنی ڕووپۆشی دارستانەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری بنکە سەربازییەکانیان.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- لەگەڵ زیادبوونی توندی گەرمای هاوین لە هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئەنقەست ئاگریان لە دارستانەکانی داپۆشراو بە دار بەڕوو لە چەند شوێنێک بە تایبەت لە ناوچەی دەوروبەری سەربازگەی نزیک گوندی لەیلانه و ناوچەی ئالان تێبەردا، کە لە ئەنجامدا دەیان هێکتار لەو دارستانانە بە تەواوی سووتاون.

 

ڕ.م.، چالاکوانێکی هەرێمییە و لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەوڵی کوژانەوەی ئاگرەکانی نزیک گوندی لەیلانەیان دەدات، دەربارەی ئاگرەکان وتی: یەکێک لە جووتیارەکان شایەتحاڵی ئەوە بوو کە دوو کەس بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە بنکەکەوە چوونە ناو دارستانەکەی خوارەوەی بنکەی سوپای پاسداران لە لەیلانە و دوای گەڕانەوەیان بۆ بنکەکە، دوکەڵ لە دارستانەکە و بە تەواوی ئەو شوێنەی پاسدارەکان چووبوون بەرزبووەوە، تا گەشتنی هاوڵاتیان ئاگرەکە زۆر تەشەنەی سەند، کاتێک هاوڵاتیان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، سوپای پاسداران ڕێگریان دەکرد.

 

ڕ.م. سەبارەت بە ئاگری دووەم کە لە دەوروبەری هەمان سەربازگەی سوپای پاسداران ڕوویدا وتی: دوای دوو ڕۆژ لە ئاگری یەکەم، ئاگرێکی دیکە لە شوێنێکی دیکە و لە لایەکی دیکەی بنکەکە کەوتەوە، کە دارستانی چڕ بوون، ٢٠-٣٠ هێکتار دارستان سووتا و هاوڵاتییان دڵنیا بوون لەوەی کە ئەم ئاگرە بەهۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بووە تا پووچ و پاوانی دەوری بنکەکەیان لاببەن.

 

هەروەها باسی لە ئامانجی کردنەوەی ئاگرەکە کرد و وتی: پێش ئاگرەکە، ئەم ناوچەیە هیچ مین و کەرەستەیەکی جەنگی نەمابوو، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ تەقینەوەیەکی کەرەستەی جەنگی، کە لەو ناوچەیەدا مابووەوە، نەبووە، بەڵام لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا لانیکەم ١٠ تەقینەوەی مین و تەقەمەنی ڕوویداوە لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە، ئەمەش ئەگەری هەیە کە پاسدارەکان لە شوێنی پێش ئاگری بە ئەنقەست دایان نابێت، خۆبەخشەکان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، تەنها چەند کەسێک لە هێزەکانی دارستان هاتوونەتە شوێنەکە و هیچ کەرەستەیەکیان لەگەڵ خۆیاندا نەهێنابوو، هەموو خۆبەخشەکان بە دەستی ڕووت ئاگرەکەیان دەکوژاندەوە و لق و پۆپی دارەکانیان بەکاردەهێنا، تەنانەت ئاویش بۆ خواردنەوە نەبوو و فشارێکی زۆر لەسەر خەڵک هەبوو.

 

ڕۆژی ٣ی ئاب، ئاگرێکی گەورەی دیکە لە نزیک گوندی هەرزانە لە ناوچەی ئالانی سەردەشت کەوتەوە و دەیان هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەکە ئاگریان تێبەردرا، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی هەرزانە لەوبارەیەوە وتی: لەناو جەرگەی گونددا دەنگی تەقینەوەیەک لە نزیک بنکە سەربازییەکانەوە بیسترا، دوای دەرکەوت کە کاریگەری تەقاندنی ئارپیچی لە بنکەکەوە بەرەو دارستانەکە بووە، لە ئەنجامدا ئاگر کەوتەوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ناوچەی تاڵەش و هەرزنە گڕی گرت، بە بیانووی هەڵکەوتەی سنووری ئەو گوندانە ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی خەڵک کرا بۆ ناوچەکە و بەهۆی سەختی گەیشتن بە دارستانەکە دەیان هێکتار دارستان لەناوچوون.