١٤ ملیۆن منداڵ لە سودان پێویستیان بە پاڵپشتی مرۆیی هەیە

بەهۆی ململانێکانی سودان و دروستبوونی قەیرانی مرۆیی زیاتر لە ١٤ منداڵ پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی هۆشداریدا، چواردە ملیۆن منداڵ لە سودان "پێویستی  بە پەلەیان" بە پشتیوانی مرۆیی هەیە، لەکاتێکدا ململانێیەکی کوشندە لە وڵاتەکەدا قەیرانی برسێتی قووڵتر دەکاتەوە.

 

تێد چایبان، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، نزیکەی ١٤ ملیۆن منداڵ ژمارەیەکیان بە نزیکەیی هاوتایە لەگەڵ هەر منداڵێک لە کۆڵۆمبیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یان تایلەند پێویستیان بە پشتیوانی مرۆیی هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار منداڵ لە سودان بە زۆر لە ماڵەکانیان دەرچوون و ڕووبەڕووی مەترسییەکانی برسێتی، نەخۆشی، توندوتیژی و جیابوونەوەی خێزانەکان بوونەتەوە، ئەمە جگە لەو یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار منداڵەی کە پێشتر لە سودان پێش ئەم دوایین قەیرانە ئاوارە بوون.

 

سێ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بەدخۆراکییان هەیە و ٧٠٠ هەزاریان مەترسی بەدخۆراکی توند و مردنیان لەسەرە،  ١.٧ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی یەک ساڵ مەترسی ئەنجامنەدانی کوتانی پێویستیان لەسەرە، ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاد دەکات.

 

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە شەڕی سودان دەستیپێکردووە، بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، لانیکەم ٤٣٥ منداڵ کوژراون و زیاتر لە ٢٠٢٥ منداڵیش برینداربوون.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە سودان ڕووبەڕووی برسێتی توند دەبنەوە، کە ئامارەکە لە ساڵی ڕابردووەوە نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.