یەژەکە-ئەڵمانیا لە بەرانبەر بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی ژنێکی کورد بۆ تورکیا ناڕەزایەتی نیشان دا
یەژەکە-ئەڵمانیا ناڕەزایەتی خۆی لە بەرانبەر دەستبەسەرکردن و هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی زەینەب ئالبۆغا نیشان دا کە ماوەی ٢٢ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و دەیانەوێت بۆ تورکیا دیپۆرتی بکەنەوە.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتیی ژنانی کورد لە ئەڵمانیا (یەژەکە-ئەڵمانیا) ڕایگەیاند زەینەب ئالبۆغای تەمەن ٥٥ ساڵ، لە ٢٠ـی ئابدا لە شاری بیلیفێڵد پاش پشکنین لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کراوە. ئەوەش خرایە ڕوو، زەینەب ئالبۆغا هێشتا لە ژووری تاکەکەسییدا ڕادەگیرێت و پلان بۆ دانراوە کە لە ٢٦ـی ئابدا بۆ تورکیا دیپۆرت بکرێتەوە.
یەژەکە-ئەڵمانیا لە سەردەمێکدا کە لە تورکیا باس لە ئاشتی و چارەسەری سیاسی دەکرێت، خواستی دیپۆرتکردنەوەی ئالبۆغای بۆ تورکیا وەک ناکۆکییەکی جددی بە قۆناغەکە هەڵسەنگاند.
یەژەکە-ئەڵمانیا هەروەها ناڕەزایەتی لە بەرانبەر تاوانبارنیشاندانی کارە سیاسییەکانی ژنانی کورد نیشان دا.
یەژەکە-ئەڵمانیا بانگەوازی ئاڕاستەی ڕێکخراوەکانی ژنان، پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، دامەزراوە دیموکراتیکەکان، ڕێکخراوەکانی کۆچبەران و ڕای گشتی کرد کە پشتیوانی زەینەب ئالبۆغای بکەن.
یەژەکە-ئەڵمانیا گوتی، دەبێت ئەڵمانیا بەپێی پرنسیپەکانی دەوڵەتی یاسا، مافەکانی مرۆڤ و پرنسیپەکانی دیپۆرتکردنەوە مامەڵە بکات.