یونیسێف: وشکەساڵی دروستکراوی مرۆڤ هەڕەشەی مردن لە منداڵانی غەززە دەکات
یونیسێف ڕایگەیاند کە کەرتی غەززە تووشی قەیرانی کەم ئاوی خواردنەوە بووە، کە بەهۆی دەستێوەردانی مرۆڤەوە دروست بووە لە نێوان داڕمانی بەرفراوانی تۆڕەکانی ئاودا، هۆشداری داوە ئەگەر ئەو بارودۆخانە بەردەوام بن، ئەوا ژیانی منداڵان دەکەوێتە مەترسییەوە.

ناوەندی هەواڵ
شەڕ کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە، بەردەوامە، زیاتر لە ١٨٥ کوژراو و برینداری بەجێهێشتووە کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن، ئەمە جگە لەوەی سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون.
لە نێوان ئەو بارودۆخە دڵتەزێنە مرۆییەدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشک دەخەنە سەر قەیرانێکی بێ وێنەی کە کەرتی غەززەی گرتووەتەوە، دانیشتووان و بە تایبەت منداڵان ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی دەبنەوە کە وشکەساڵی و برسێتی و داڕمانی تەواوەتی ژێرخانی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت.
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران ڕایگەیاند، غەززە ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی دروستکراوی مرۆڤ دەبێتەوە، بەهۆی داڕمانی تۆڕەکانی ئاوەوە، یونیسێف دووپاتی کردەوە کە ئەگەر وشکەساڵی بەردەوام بێت، ئەوا منداڵان دەست بە مردن دەکەن لە تینوێتی و تەنها ٤٠%ی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە کاردەکەن.
وتەبێژی ڕێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە کە ئاستی ئاوی خواردنەوەی ئێستا بۆ دانیشتوانی غەززە زۆر لە خوار ستانداردە فریاگوزارییەکانەوەیە، ژمارەی ئەو منداڵانە لە نێوان تەمەنی شەش مانگ بۆ پێنج ساڵدا بە ڕێژەی ٥٠% زیادی کردووە کە لە نێوان مانگی نیسان و ئایاردا بۆ چارەسەری بەدخۆراکی لە نەخۆشخانەکان وەرگیراون.
دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە غەززە ڕایانگەیاند، دوێنێ لانیکەم ٢٥ کەس لە غەززە کوژراون لەکاتێکدا چاوەڕێی یان داوای یارمەتی مرۆیییان دەکرد، لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە باشووری میحوەری نتساريم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە تەقەیان لێکرا.
ناردنی سووتەمەنی بەردەوامە بۆ چوونە ناو غەززە
لە کاتێکدا شەڕ و گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی ئیسرائیل ماوەی ١٦ هەفتەیە ڕێگری لە ناردنی سوتەمەنی دەکەن بۆ کەرتی غەززە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕێکی سنووردار لە سووتەمەنی گەیەندراوەتە دامەزراوە گشتییەکان لە باشووری کەرتی غەززە، ئەمەش ڕێگەی بە وێستگەکانی ئاو پاککردنەوە، خزمەتگوزارییەکانی بارهەڵگری دابەشکردنی ئاو و وێستگەکانی پەمپکردنی ئاوەڕۆ داوە بەردەوام بن لە کارکردن.
دووپاتی کردەوە کە دوێنێ سوتەمەنی گەیەندراوەتە باکووری کەرتی غەززە، بەڵام بەهۆی ناجێگیری دابینکردنی سووتەمەنی و کەمیی غەززە کارەکانی سنووردارکردووە، کاتی دەوامی کەمکردووەتەوە.