“ئەم سەدەیە هی دەسەلاتداران نییە، بەڵکو هی ژنانی بەرخۆدێرە"
ڕیما مەحمود، وتەبێژی ماڵی ژنان ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی لە "یاسای باری کەسێتی" عێراقدا کراوە، کاریگەری لەسەر وڵاتانی عەرەبی دەبێت و وتی: ئەم سەدەیە هی ئەو حکومەتانە نابێت کە یاسای شەریعەت بەسەر ژناندا دەسەپێنن، هی ئەو ژنانە دەبێت کە بەرخۆدان دەکەن.
نوجان ئاراس
حەسەکە- گۆڕانکارییەکانی یاسای باری کەسێتی کە بووە هۆی کاردانەوەی ژنان لە زۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەم لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا.
ڕیما مەحمود، وتەبێژی ماڵی ژنان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، یاساکانی ئێستای پاراستنی مافەکانی ژنان لە عێراق جێبەجێ ناکرێن و تەنانەت لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەم یاسایانەدا کراوە، ژنان زیانیان بەردەکەوێت.
ڕیما مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، لە عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە، هەرچەندە مافەکانی ژنان لە یاساکاندا چەسپێندراون، بەڵام ئەو یاسایانە جێبەجێ ناکرێن، یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ لە ساڵی ١٩٥٩ دەرچووە و چەندین جار لە پەرلەمان هەمووار کراوەتەوە، یاسایەکە کە یەکێتی گەل دەپارێزێت.
"گۆڕانکارییەکان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری"
ڕیما مەحمود باسی لەوەشکرد، ئەو گۆڕانکاریانەی لە یاساکەدا کراوە پێشێلکردنی مافەکانەو وتی: ئەم یاسایە مافەکانی ژنانی زامن کرد و سەقامگیری لە کۆمەڵگەدا دروستکرد، ئەمڕۆ پەسەندکردنی گۆڕانی یاساکە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆ گەلی عێراق، ئەو کێشانەی کە هەن زۆر دەبن و قووڵتر دەبنەوە و دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان.
"ئەم بڕیارە سیاسەتێکی دەوڵەتییە"
ڕیما مەحمود ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕانکارییەکە دەبێتە هۆی هاوسەرگیریی منداڵان و وتی: بە پەسەندکردنی بڕیارەکە، بەها ڕەوشتییەکان پێشێل دەکرێن، هەروەها ڕێگە لە هاوسەرگیری منداڵی کچ دەدرێت، ئەم دۆخە مەترسی گەورەی لێدەکەوێتەوە. هاوسەرگیری منداڵان سیاسەتێکی پیسە کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێندراوە.
"وڵاتانی دیکەی عەرەبیش کاریگەری ئەم بڕیارەیان لەسەر دەبێت"
ڕیما مەحمود؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو جیهاندا، ژنان، کە پێشەنگن لە ژیاندا، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەکرێنە کەرەستەی چەوساندنەوە، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەهۆی ئەم هەڵوێستەی عێراقەوە، وڵاتانی دیکەی عەرەبیش بەهەمان شێوە دەیکەن، کاریگەرییان لەسەر دەبێت، بەو پێیەی زۆرێک لەم وڵاتانە یاسای شەریعەتیان هەیە، ئەوان دەیکەن. ئەم وڵاتانە یاسا بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی دیاری بکەن کە ژنان چۆن هەڵسوکەوت بکەن و چۆن دەربکەون و لە کوێ دەربکەون، بەم شێوەیە ژنان سنووردار دەکەن، ئەوان بە ناوی ئیسلامەوە ئەو یاسایانە دەردەکەن، بەڵام دەبێت ئەوە تێبگەین کە؛ "لە ئایینی ئیسلامیدا هیچ یاسایەک نییە دژی چەوساندنەوە.
ڕیما مەحمود پراکتیزەکانی ئەفغانستان و ئێرانی وەک نموونە هێنایەوە و وتی: ئەو بڕیارانەی تاڵیبان دراون بوونەتە ئەجێندای هەموو جیهان. هەمان بارودۆخ لە ئێران لەگەڵ هاوسەرگیری مەتعەو سەپاندنی حیجابدا هەیە، لە عێراق ئەو یاسایانەی ڕێگە بۆ هاوسەرگیری منداڵانی کچ دەکەنەوە، ئامانجیان دابەشکردنی ژنانە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە و لاوازکردنی بنەمای ڕێکخراوەییانە.
"ژن خاوەن میراسێکی مێژوویی بەهێزە"
ڕیما مەحمود ڕایگەیاند کە سەرەڕای سیاسەتە ستەمکارەکان، ژنان لەگەڵ فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" خەبات دەکەن و ئەم فەلسەفەیە بووەتە مایەی هیوا بۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژنان خاوەنی میراسێکی مێژوویی بەهێزن و ئەو میراسە بۆ پەروەردەکردنی خۆیان و بەرپرسیارێتی بەکاردەهێنن.
سەرنجی بۆ گرنگی خەبات و ڕێکخستنی ژنان ڕاکێشا و وتی: بە میراسی ژنانی بەرخۆدێرو تێکۆشەر؛ "ئێمە دژی ئەو دەوڵەتانە دەوەستینەوە کە لەڕێگەی یاسای شەریعەتەوە زایەندپەرستی دەسەپێنن و ستەم و سەرکوت و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن و هەراسانکردن و دەستدرێژی زیاد دەکەن، وەڵامی هەموو هێرشەکان دەدەینەوە.
"بە پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان ڕێکدەخەن"
ڕیما مەحموود ئاماژەی بەوەدا کە بیر و بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان گۆڕانکاریی زۆر ئەرێنی لە ژیانی ژناندا هێناوەتە ئاراوە و وتی: خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ژنان، لە ڕێگەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، دۆزیەوە خۆیان و ئیرادە و دەنگیان بەدەستهێنا. ئەم فەلسەفەیە کۆتایی بە ٥ هەزار ساڵ مێژووی دەسەڵات هێناوە. "ژن، بەتایبەتی، کەسانی خاوەن ناسنامەی جیاواز، بە دیدێکی یەکسان و دیموکراسی لەسەر بنەمای پارادایم و دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ خۆیان ڕێکدەخەن.
"ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی ژن"
ڕیما مەحمود لە کۆتایی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهامبەخش بووە بۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وروژاندنی گەورەی بۆ بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی ژنان دروست کردووە، ئەم سەدەیە هی دەسەلاتداران نییە کە یاسای شەریعەت دەسەپێنن، بەڵکو هی ژنانی بەرخۆدێرە.