ئایشەگوڵ دۆغان: لە دەروازەی قۆناغی سەقامگیریداین لە تورکیا

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند کە تورکیا و کوردستان لە دەروازەی پەڕینەوەیە لە شەڕەوە بەرەو قۆناغی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتیی و جەختی لە ڕۆڵگێڕی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پرۆسەکە کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە ئاماژەی بە گرنگی دەستپێکردنی کارەکانی "دەستەی بەدواداچوون و دەستنیشانکردن" کرد لە چوارچێوەی یاسای نوێداو جەختی کردەوە کە پێویستە ئەم دەستەیە بەپێی بارودۆخی ئەمڕۆ بجوڵێتەوە و سەرجەم پێکهاتە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی ئاشتی لەژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە بۆ سەرخستنی دیموکراتیزەکردن.

 

وتەبێژی دەم پارتی پرسی باشترکردنی مەرج و بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆی وەک سەرەکیترین داواکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە خستە ڕوو. ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە نابێت پرۆسەکە تەنیا لە چوارچێوەی چەکداناندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو پێویستە بۆ بونیادنانی پێکەوەژیانی مێژوویی کورد و تورک بێت و زمانێکی نوێی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی ئاشتییەکی بەردەوام بەکاربهێنرێت.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاواو پێگەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" لە پاراستنی خاک و شەڕی دژی داعشدا بە بەرز نرخاند.

 

ئایشەگوڵ دۆغان لە کۆتایی قسەکانیدا داوای کرد کە ئیلهام ئەحمەدو مەزڵوم عەبدی بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی تورکیا بکرێن و ڕایگەیاند کە کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیان لە ٦ی ئەیلوول لە ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت.