پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورد لە ئەوروپا پەیامی سەرەخۆشی بۆ شەهیدان بڵاوکردەوە

پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورد لە ئەوروپا پەیامی سەرەخۆشی بۆ شەهیدانی ئازادیی کوردستان بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورد لە ئەوروپا پەیامی سەرەخۆشی بۆ شەهیدانی ئازادیی کوردستان بڵاوکردەوە.

 

دەقی پەیامەکە:

لە ڕۆژانێکدا کە دەکەوینە سەردەمێکی نوێی مێژوویی و هەستیارەوە، ناوی شەهیدانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان یەک بە یەک و بەکۆمەڵ ڕادەگەیەندرێن. هەر ناو، هەر ژیان و هەر شەهیدێک بەشێکە لە مێژووی گەلەکەمان؛ مێژوویەک کە بە بەرخۆدان، فیداکاری، ئازار و هیوای ئازادی نووسراوەتەوە.

 

ئە ڕێز و پێزانینێکی گەورەوە بەژنی خۆمان لە ئاست بیرهێنانەوەی هەموو شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین. بە ڕێزەوە بەژنی خۆمان لە ئاست بنەماڵەی شەهیدان دادەنەوێنین و لەگەڵیاندا دەڵێین: هەرگیز ئەو قوربانییانەی دراون، لەبیرناکرێن.

 

ئەمڕۆ گەلی کورد دەتوانێت بە دەنگێکی بەرز بە مێژووی دوور و درێژ و ئەو قوربانییانە کە دراون بڵێت:

ئێمە هەین.

ئێمە وەکو گەلی کورد هەین.

ئێمە خاوەن زمان، کەلتوور، مێژوو و ناسنامەین.

بە ئیرادەی خۆمان داهاتوومان بنیاد دەنێین.

 

گەورەترین وەڵام کە بە شەهیدانمانی بدەینەوە ئەوە نییە کە تەنها بەبیریان بهێنینەوە. وەڵامدانەوەیان بریتییە لە درێژەدان بە ڕێگەکەیان. ئەمە بە مانای درێژە دان بە تێکۆشان دێت بە ڕێبازی دیموکراتیک، هێزی کۆمەڵگە و یەکێتی.

 

لەم پرۆسە مێژوویی و هەستیارەدا، یەکێتیی نەتەوەیی لە هەموو کات گرنگترە. پێویستە جیاوازییەکانی خۆمان ببینین، لە هەمان کاتدا پێویستە هەست بە خاڵە هاوبەشەکانیشمان بکەین. بەرژەوەندی و مافە مێژووییەکانی گەلی کورد پێویستە بخرێنە سەرووی هەموو جیاوازییە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانەوە.

 

یەکێتیی گەلی کورد تەنها داخوازییەک نییە؛ ئەرکێکی مێژووییە.

ئەمڕۆ، گەلی کورد لە هەموو کات زیاتر خۆی دەناسێت، خۆی وەکو گەل و نەتەوەیەکی مێژوویی دەبینێت؛ لەسەر بنەمای ئاگاداربوونی خۆی، ئازادی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی داهاتووی خۆی بنیاد دەنێت.

 

لەم پرۆسەیەدا، لە تێکۆشانی ئازادی و یەکێتیدا ژنانی کورد ڕۆڵێکی تایبەتییان هەیە. ژنانی کورد لە هەموو قۆناغەکانی تێکۆشانی گەلی کورددا بوونە دەنگ، ئیرادە و هێزی کۆمەڵگە. لەبەرئەوە یەکێتیی ژنانی کورد لە کوردستان و ئەورووپا تەنها پێویستییەکی ئەمڕۆیی نییە؛ دەشێت بۆ بنیادنانی داهاتووی گەلی کورد و شەهیدان ببێتە وەڵام، ببێتە هێزێکی مێژوویی.

 

ئێمە باوەڕمان وایە کە ژنان؛ بە هێزی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆیان دەتوانن لە بنیادنانی یەکێتیی گەلی کورد و پاراستنی بەهاکانیاندا ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن.

 

هەموو شەهیدانی کوردستان بە ڕێز و سڵاوی گەرم، بۆ بنەماڵەی شەهیدان پێزانین و سەربەرزی، و بە هیوای یەکێتی، ئازادی و سەرکەوتن.