ئایشە شان لە ئامەد بەبیرهێندرایەوە

لە ئامەد بە بۆنەی ٢٩یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد ئایشە شانەوە، یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

بە سەرپەرشتیی شارەوانیی گەورەی ئامەد، ما میوزیک، کۆمەڵەی چاند و هونەر و وێژەی ژنان "KASED"، کۆنسێرڤێتواری ئارام تیگران و کۆمەڵەی چاند و هونەری دیجلە، لە ٢٩یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد ئایشە شانەوە، بەرنامەیەکی بیرهێنانەوەیان ڕێکخست. لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا، ئەکتەر بەرفین زەندەرلیۆغڵو شانۆگەریی "من ئایشە شانم"ی سەبارەت بە ژیانی ئایشە شان پێشکەش کرد. 

 

سەرا بوجاک،هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد لە یادکردنەوەی هونەرمەند ئایشە شاندا قسەی کرد و وتی: گرنگی و تایبەتمەندیی ئەمڕۆ زۆرە. ئەم هۆڵە بە دانانی قەییومەکان تارومار کرابوو. بەڵام هێشتاش هەوڵ دەدەین شوێنەواری قەیومەکان نەهێڵین. نۆژەنکردنەوەی ئەم هۆڵەمان تەواو کرد و ئەمڕۆش شانۆگەریی یادکردنەوەی ئایشە شانی تێدا بەڕێوەچوو. جارێکی تر بە خۆشەویستی و ڕێزەوە یادی دەکەینەوە.

 

ئەکتەر بەرفین زەندەرلیۆغڵو کە ڕۆڵی ئایشە شانی گێڕا، وتی: لەبەر ئەم شانۆگەرییە زۆر سوپاسی زەینەب دەکەم. من ئەمڕۆ بە شانۆگەریی ئایشە شان زۆر دڵخۆشم. ئایشە شان بۆ من زۆر بە نرخە. دەبێت خاوەندارێتی لە هونەرمەندانی خۆمان بکەین.

 

ئەمڕۆش بەرنامەی یادکردنەوە ساز دەکرێت و سەردانی سەر گۆڕی ئایشە شان دەکەن و دواتریش ئێوارە بە کۆنسێرتێک کۆتایی پێ دەهێنن.