خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشوور یادی جیهان بیلگین و نازم داشتانیان کردەوە
خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشووری کوردستان یادی "جیهان بیلگین و نازم داشتان" شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادیان کردەوە و ڕایانگەیاند، خاوەنداریی لە پێنووس و کامیراکانیان دەکەین و تا سەرکەوتن پابەندی ئەو بەڵێن و پەیامادەبین کە بە شەهیدانمان داوە.
ناوەندی هەواڵ
لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونیان، خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشووری کوردستان، بە بەیاننامەیەک یادی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد "جیهان بیلگین و نازم داشتان"یان کردەوە، کە لە کاتی ڕووماڵی ڕۆژنامەوانیی بەرخۆدانی گەل و شەڕڤانان لە نزیکی بەنداوی تشرینی ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوون.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە:
“بە شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد جیهان بیلگین و نازم داشتان سەربەرزین
ساڵی پار لە ڕۆژی ١٩-١٢-٢٠٢٤ ڕاگەیاندنی ئازاد دوو رۆژنامەنووسی خاوەن توانا و بە ئەزموونی لەدەستدا، لەکاتێکدا هەردوو رۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد جیهان بلگین و نازم داشتان، شانبەشانی شەرڤانانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووماڵی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیان دەکرد بۆ سەر بەنداوی تشرین و ڕوو ڕەشی ئەوانیان ئاشکرا دەکرد.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک ساڵانێکە لەپێناو ئەوەی دەنگی حەقیقەتی گەلی کورد نەگات بە ڕای گشتی جیهان، هەمانکات بۆئەوەی زوڵم و زۆردارییەکانی لەسەر گەلی کورد ئاشکرا نەبن، بە شەهیدکردن و زیندانیکردن بە ئاشکرا دوژمنایەتی خۆی لەبەرانبەر ڕاگەیاندنکارانی ئازاد نیشانداوە و لەناوخۆدا زیندانەکانی پڕکردووە لە ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار و ئازادیخوازان، هەروەها لە ڕۆژئاوا و باشووریش پەلاماری ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد دەدات و تیرۆریان دەکات، شەهیدان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و عەزیز کۆیلوئۆغلو نموونە زیندووەکانن لەو هێرەشانەی کە لە باشوور کراونەتە سەر ڕاگەیاندنکاران.
ڕاگەیاندنکارانی راگەیاندنی ئازاد، لە هەرشوێنێکی کوردستان و جیهان بن خاوەن هەمان پەیامن، ئەویش دەرخستنی ڕاستییەکان و بوون بە دەنگ و ڕەنگی گەلەکەیانە. لە سەدەی ڕابردوو لەبەر نەبوونی ڕاگەیاندنی ئازاد، تەواوی ئەو کۆمەڵکوژی و دوژمنایەتییەی لەبەرانبەر گەلی کورد ئەنجامدرابوو، بەشاراوەی بێدەنگی لێکرا.
ڕاگەیاندنی ئازاد لەماوەی ٤٨ ساڵ لە تەمەنی خەباتی خۆی، پەردەی لەسەر سەرجەم ئەو تاوان و زوڵم زۆردارییانە هەڵداوەتەوە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە لەسەر گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە بەڕێوەچوونە.
لە ساڵیادی شەهیدبوونی هەردوو ڕاگەیاندنکاری پێشەنگ، وەکو هەڤاڵان و هاوخەباتانی جیهان و نازم، جارێکیتر بەڵێنی وەفاداری و پابەندبوون بە ڕێبازی خەباتی ڕاگەیاندنی و حەقیقەتی ئازادی ئەوان دووپاتدەکەینەوە و هەموو تواناکانمان بەگەڕدەخەین لەپێناو گەیاندنی پەیامی هاوڕێیانی شەهیدمان. دووبارە سووربوونی خۆمان نیشاندەدەین کە خاوەنداریی لە قەڵەم و کامیراکانیان بکەین و تا سەرکەوتن پابەندی ئەو بەڵێن و پەیامانەبین کە بەیەکترمان داوە.”