ڕێکخراوە عەلەوییەکان: بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دەوڵەت، ئاشتی بەدی نایەت

فەدا و داکب بانگەوازیان کرد بۆ "داهاتوویەکی دوور لە کۆمەڵکوژی و قڕکردن" و ڕایانگەیاند، لە مەڕەشەوە تا ڕۆبۆسکی بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دەوڵەت، ئاشتی کۆمەڵایەتی بەدی نایەت.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکان "فەدا" و یەکێتی ژنانی عەلەوی دیموکراتیک "داکب" لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکانی مەڕەش، ڕۆبۆسکی و کۆمەڵکوژیی زیندانەکانی ١٩ی کانوونی یەکەم ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: مانگی کانوونی یەکەم لە مێژووی ئەم دواییەی تورکیا و کوردستان یەکێک لەو ساتانەیە کە لە بەرانبەر عەلەوییەکان، شۆڕشگێڕان و کورد کۆمەڵکوژی زۆر سەخت ئەنجام دراوە و هەروەها هێرشەکەی ١٩-٢٦ـی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٨ لە مەڕەش وەک "هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو، ڕێکخراو و لە ژێر چاودێریی دەوڵەتدا بە ئامانجی لەناوبردنی ئایینی و ئەتنیکی" لە دژی عەلەوییە کوردەکان-تورک ئەنجامدراوە.

 

توندوتیژییەکان لە زیندانەکانەوە تا ڕۆبۆسکی

فەدا و داکب ئەوەشیان یادکردەوە کە لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠ لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی گەڕانەوە بۆ ژیان، لە ٢٠ زینداندا بە هاوکاتی هێرش ئەنجام درا، زیاتر لە ٣٠ زیندانی سیاسی شەهیدکران و سەدان کەسیش بریندار بوون.

 

هەروەها باس لەوەش کرا کە لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ لە گوندی ڕۆبۆسکیی شەرناخ لە ئەنجامی بۆردوومانی فرۆکەکانی سوپای تورکدا ٣٤ گوندنشینی کورد کوژراون. فەدا و داکب ڕایانگەیاند، ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەی کە ناومان هێنان، هێشتا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە، دۆسییەکانیان داخراون و هەروەها تێکۆشانی بنەماڵەکانیش بۆ دادپەروەری بەردەوامە.

 

'تا ڕاستییەکان ڕوون نەکرێنەوە ئاشتی بەدی نایەت'

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەش بەوەکراوە، لە کاتێکدا کە گفتوگۆ لەسەر ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکرێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان دەرفەتێکی گرنگە و گوترا: "بەبێ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و دادپەروەری، ئاشتی بەدی نایەت.

 

فەدا و داکب جەختیان لەوەشکردەوە، ڕێگە بە لەبیرکردنی کۆمەڵکوژییەکان نادەن.