چی وایکردووە باشووری ئاسیا ئەوەندە لاوازبێت بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا؟

گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچە لاوازەکانی جیهان بووەتە هۆی قەیرانی خۆراک، ئاوارەبوون بۆ ملیۆنان هاوڵاتی.

ناوەندی هەواڵ

 

پاکستان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بارانبارینی بەخوڕ بووەوە، زیاتر لە ٥٠ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە لە سەرانسەری وڵات، پاش ساڵێک لە لافاوی بەرفراوان زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٣ ملیۆن کەسی دیکەش کاریگەرییان لەسەر بوو.

 

لە وڵاتانی دراوسێی هیندستان، نزیکەی دەیان شارۆچکە لە ویلایەتی ئاسام لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ئاسام لە مانگی حوزەیران تووشی لافاوێکی کوشندە بوون و هەزاران کەس ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ کەمپی فریاگوزاری کاتی بەرن، زیاتر لە ١١ کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەها هاووڵاتیانی دیکە ڕووبەڕووی ئەرکی قورسی بونیاتنانەوەی ژیانیان بوونەتەوە، چونکە ماڵەکانیان وێرانبووە ئاژەڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لەناوچووە کە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی خێزانەکان بووە.

 

بارانبارین و وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەرانسەری هەشت وڵاتی باشووری ئاسیادا تادێت زیاد دەکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە ناوچە هەرە لاوازەکانی جیهان بۆ کاریگەرییەکانی گەرمبوونی جیهان.

 

بەپێی زانیارییەکانی بانکی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، نزیکەی ٧٥٠ ملیۆن کەس لە باشووری ئاسیا لانیکەم بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

نەبوونی زەوی بۆ گەشەپێدانی خۆراک، کەمیی ئاو و ئاوارەبوونی دانیشتووان بەشێکن لەو ئاستەنگییانەی ناوچەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، چونکە بژێوی ژیانی سەدان ملیۆن کەسی لەسەر بەندە.

 

ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢١ لەسەر بەرهەمهێنانی گەنم تا ساڵی ٢٠٥٠ بڵاوکرایەوە، بە بەکارهێنانی مۆدێلی ھاوشێوەکردنی بەرهەم، دەرکەوتووە، وڵاتانی باشووری ئاسیان زۆرترین کاریگەری نەرێنیان لەسەرە و بەرهەمی گەنم بەڕێژەی ٪١٦ کەمیکردووە.

 

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، چیای هیمالایا کە وڵاتانی وەک پاکستان، نیپاڵ و هیندستان دەگرێتەوە، لە ماوەی چەند سەد ساڵێکدا ٪٤٠ی سەهۆڵەکانیان لەدەستداوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٪ ٢١ی خەڵکی باشووری ئاسیا ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی توند بوونەتەوە، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ بە ڕێژەی ٪ ٢ زیادیکردووە، لە هەمان ساڵدا، ناوچەکە بە ٣٣٠ ملیۆن کەس زۆرترین ژمارەی کەسانی کەمخۆراکی لە جیهاندا هەبووە.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن گروپی چالاکوانانی ئەکشن ئایدەوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکراوەتەوە، مەزەندەی کردووە کە لە ناوچەکەدا زیاتر لە ٦٣ ملیۆن کەس دەبنە کۆچبەر تا ساڵی ٢٠٥٠ لە ئەنجامی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا.