ماردین، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵان و کەسێک گیانی لەدەستدا

لە ناوچەی نوسەیبینی ماردین، لەهەڵکوتانە سەر ماڵاندا ژنێک گیانی لەدەستدا، هەروەها بەدیعە ئادیگوزەل، هاوسەرۆکی پێشووی دەبەپە دەستبەسەرکرا.

ماردین

 

ئێوارەی دوێنێ پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە شەقامی ساکاریا لە گەڕەکی کیشلەی ناوچەی نوسەیبین لە ماردین، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەدا دەنگی تەقە هاتووە و پاشان تەقینەوەیەک ڕوویدا و ژنێک لە پێکدادانەکەدا کوژرا،  هەروەها کەسێکیش بە برینداری دەستبەسەرکرا، تەرمی ژنەکەی کە گیانی لەدەستداوە، ناسنامەکەی نەزانراوە و گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی داد.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەدیعە ئادیگوزەل، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە" لەو ماڵە دەستبەسەرکرا کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویدا، شوێنی ئەو دوو کەسەی دەستبەسەرکراون نەزاندراوە.

 

دوای ڕووداوەکە پۆلیس هێرشی کردە سەر چەند ماڵێک لە ناوچەکە، پۆلیسەکان دەرگای ئەو ماڵانەیان شکاند کە کەسی لێنەبوو، کەلوپەلەی ناوماڵەکانیشیان پەرش و بڵاوکردەوە.