تاژێ داوای ناساندنی جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان دەکات

لیژنەی دیپلۆماسی تاژێ نامەیەکی بۆ ١٩ وڵات نارد کە تا ئێستا کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤یان بە جینۆساید نەناساندووە.

شنگال 

 

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ١١ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە لەدژی کۆمەڵگەی ئێزدییەکانی شنگال لە لایەن ڕێکخراوی تیررۆیستی داعشەوە ئەنجام درا، کۆمیتەی دیپلۆماسی  تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" بە شیوەیەکی فەرمی نامەی ئاراستەی ١٩وڵات و دامەزراوە کرد کە تا ئێستاش فەرمان "کۆمەڵکوژی"ی ٣ی ئابی ٢٠١٤یان بە جینۆساید نەناساندووە.

 

لە سەرەتای نامەکەدا ئاماژە بە ٧٤ـەمین فەرمانی سەر ئێزدییەکان کراوەو هاتووە: ماوەی ١١ ساڵ بەسەر فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا تێدەپەڕێت کە چەتەکانی داعش دژی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال ئەنجامیان دا ، کۆمەڵگەی ئێزدی بە بەرچاوی جیهانەوە ٧٤ـەمین فەرمانی بەسەردا هێندرا، لەم فەرمانەدا هەزاران مرۆڤی ئێزدی کوژران، بە دیل گیران و لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون، زۆربەی قوربانیانی ٧٤ـەمین فەرمانەکە ژن و منداڵ بوون. هێشتا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە دیل گیراون و چارەنووسی سەدان کەسی دیکەش بە گشتی نادیارە.

 

"١٤ وڵات فەرمانەکەیان بە جینۆساید ناساندووە"

لە درێژەدا بانگەوازی لەو وڵات و دامەزراوانە کراوە کە تا ئێستا فەرمانەکەیان بە جینۆساید نەناساندووە، ئیدی بە جینۆسایدی بناسێنن و هاوتووە: لە ماوەی ١١ساڵی ڕابردوودا ١٤ وڵات بە فەرمی، فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدییان بە جینۆساید ناساندووە، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجام درا. ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی دۆسیەیەکی فراوانمان لەسەر فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئامادە کردووە، ئەم دۆسیەیەکە بە بەڵگە و زانیاری گرنگ و سەلمێنەری تێیدایە کە لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی شنگال ئەنجامدراوە، دەخەینەڕوو کە ئەمە جینۆسایدە. بۆیە داواتان لێدەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتی مرۆڤی خۆتان جێبەجێ بکەن و ئەو فەرمانە بە جینۆساید بناسێنن.

 

'ژنان بۆ پاراستن و پێشلێگرتن لە هێرشەکان خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن'

لە کۆتایی نامەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ڕێکخستنبوونی ژنانی کۆمەڵگەی ئێزدی و تییدا هاتووە: ئێمە وەک ژنانی ئێزدی لە کۆمەڵێک ژن بە ناوی ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٥  بۆ بەرگریکردنی لە جینۆسایدی ژنان و کۆمەڵگەکەمان، دوای فەرمانی ٢٠١٤ خۆمان ڕێکخستووە. ئێمە وەک وەڵامێک بۆ جینۆسایدی ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی ڕێکخراومان دامەزراند. بۆ بەهێزکردنی ژنان و پاراستنی خۆیان لە بەرامبەر فەرمانەکان تێکۆشانی خۆمان بە هێزتر کردووە. لە ٢٠١٦ بە بەستنی کۆنگرە، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" دامەزرا. تا ئێستا ئێمە وەک ژنانی ئێزدی شنگال درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین.

 

ناوی ئەو وڵات و دامەزراوانەی نامەکەیان ئاڕاستە کراوە:

- سەرۆکایەتی ئەفریقای باشوور

- پرۆتۆکۆڵی مەراسیمی دەوڵەتی ئیتاڵیا

- نووسینگەی سەرۆککوماری و پەیوەندییە دیپلۆماسییە گشتییەکانی بولگاریا

- نووسینگەی سەرۆککۆماری سلۆڤاکیا

- سەرۆکی سلۆڤنیا

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا

- سەرۆککۆماری فینلاند

- سەرۆککۆماری قوبرس

- سەرۆککۆماری کرواتیا

- وەزارەتی دەرەوەی ماڵتا

- وەزارەتی دەرەوە و بازرگانی هەنگاریا

- سەرۆککۆماری نەمسا

- سەرۆککۆماری یۆنان

- سەرۆکی حکومەتی ئیسپانیا

- وەزارەتی دەرەوەی چین

- نووسینگەی سەرۆککۆماری هیندستان

- سەرۆککۆماری عەرەبی میسر

- بەڕێز ئانتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

- سەرۆککۆماری لاتیڤیا