خولێکی دروومانی بۆ ١٥ ژنی گەنج لە هەڵەبجە کۆتایی هات
١٥ ژنی گەنج کە بەشداری خولی دروومانیان کردبوو، سەرکەوتووانە کۆتاییان پێهێناو بڕوانامەی دەرچوونیان پیدرا.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-سەرلەبەیانی ئەمرۆ ٢١ی تەمووز، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی پارێزگای هەڵەبجە کردو لەسەردانەکەیدا لەبەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی هەڵەبجە، لە مەراسیمێکدا بڕوانامەی دەرچوون و پێداویستیەکانی دەستپێکی کاری بەسەر ١٥ فێرخوازی خولی دروومانیدا دابەش کرد.
لەوبارەیەوە تارا عەبدوڵا، بەڕێوەبەری سەنتەری راهینان و پیشەیی هەڵەبجە وتی: ئەمرۆ لەگەل هاتنی وەزیر خولی دروومانمان کۆتایی پێهێناو توانیمان ئەم خولە پیشەییە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەین، سەپۆرتی ١٥ ژنی گەنج بکەین و ئامانجمانە ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکان کەمبکەینەوە، هەلی کار زیاد بکەین و هەندێکیان پاڵپشتی داراییمان بۆ ڕێکخستن و هەندیکیشیان کارمان بۆ دۆزیونەتەوە.
کەژال حەسەن یەکیکە لەو ژنە فیرخوازانەی کە بەشداری خولە پیشەییەکەی کردووە وتی: ئەم ٢٢ ڕۆژە دروومانی پێشکەوتومان دیوەو پێداویستییان بۆ دابین کردووین و بۆ گەنجانی دانەمەزراو بۆ پاڵپشتی کاری سەربەخۆ سودێکی ئێجگار زۆری لێ دەبینین.