خوشکی یەكێك لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی"ژن ژیان ئازادی" دەستگیر کرا

مەهسا شەفیعی خوشکی یەکێک لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” لە شارۆچکەی یاسووجی سەر بە پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد لە باشووری ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستگیر کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرکوتکردن و هەراسانکردنی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە چڕتر کراوەتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، ژنێک لە یاسووج دەستگیر کرا و وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە.

 

ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە دەستگیر کردنی ژنێک لە لایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران 

ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو مەهسا شەفیعی خوشکی یەکێک لە قوربانیانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لە شارۆچکەی یاسووجی سەر بە پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد لە باشووری ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستگیر کرا و بۆ زیندانی ناوچەکە گواستراوەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەمان ڕۆژدا باوکی ئەو ژنە گەنجە لە ڕێگەی پەیوەندیکردنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی یاسووج کراوە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراو، دواتر هێزەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەیان و مەهسا شەفیعیان دەستگیر کردووە، دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلی ئەلیکترۆنیدا گرتووە.

 

باس لەوەشکراوە، مەهسا وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە، هەروەها تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ، كە لە كاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هاوكاری میدیاكانی دەرەوەی ئێرانی كردووە.

 

جێگای ئاماژەیە، مەهسا شەفیعی تەمەن ٢٢ ساڵ بەهۆی چالاکییەکانی چەندین جار دەستگیركراوە و هەروەها ژمارەیەك سكالای یاسایی لەسەر تۆماركراوە، هاوكات، خوشکەکەی بە ناوی پارسا شەفیعی لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لە یاسووج کوژرا.