"سووریایەکی دیموکراتیک و یەکسانمان دەوێت"

ژنانی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، دەیانەوێت لە سووریایەکدا بژین کە سیستمێکی دیموکراتیک و یەکسانی هەبێت.

زەینەب عیسا


قامیشلۆ- دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەلی سووریا ویستی ژیانێکی ئارام و یەکسان و دیموکراتیک بژی، بەڵام لەگەڵ هاتنی شاندە جیهادییەکەی حکومەتی کاتی سووریا، هەتەشە، سووریا بەرەو دۆخێکی خراپ دەڕوات، پێشێلکاری توندوتیژی، کۆمەڵکوژی و جینۆساید لە دژی هاوڵاتیانی سووریا ئەنجام دەدرێت، لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای سووریایەکی ئاشتیانە و یەکسان دەکەن، ئەوان دەیانەوێت هەموو گروپەکان بە یەک ڕۆح پێکەوە بژین، بەبێ جیاوازی ئایینی و مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا مسۆگەر بکرێت.

 

"حکومەتی کاتی سووریا درێژەپێدەری داعشە"

ساڵیحە کەلەش ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی کاتی سووریا بە ئایدۆلۆژیای داعشەوە سووریا بەڕێوەدەبات و لەوێدا جینۆساید و پێشێلکاری ئەنجام دەدات و وتی: حکومەتی کاتی سووریا دەوڵەتێکی دەسەڵاتدارە و بە ئایدۆلۆژیای داعش سووریا بەڕێوەدەبات، ئێمە دەیبینین ڕۆژانە جینۆساید و کۆمەڵکوژی و تاڵانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە بەشێک لە سووریا ئەنجام دەدات، بینیمان کە لەم دواییانەدا کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە لە کەناراوەکانی سووریا و سوویدا، ژن و منداڵێکی زۆر کوژران و هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەریان ئەنجامدراوە.

 

"ئێمە پلانی ستەمکاران قبوڵ ناکەین"

ساڵیحە وتیشی: ئەوانەی هەڕەشە لەو کۆمەڵگەیانە دەکەن شەرمەزارن و داوای لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە وتیان مافەکانی مرۆڤ دەپارێزن چاویان لەبەرامبەر ڕاستی بکەنەوە و سزای ئەو کەسانە بدەن کە ئەو ستەمانە ئەنجام دەدەن وتی: ئێمە وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەرگیز ئەم ستەمانە قبوڵ ناکەین، ئێمە داوای سووریایەکی ئاشتیخواز و دادپەروەر و دیموکرات دەکەین، مافەکانمان دەبێت لە دەستووری نوێی سووریادا بخرێنە ڕوو، ئێمە وەک ژنانی کورد لە خاک و میراسی شەهیدانمان تا کۆتایی هەڵدەستین و شوێن ڕێبازی ئەوان دەکەوین.

 

"هەرگیز نابێت سیاسەت و ئایین بەیەکەوە ببەسترێنەوە"

فەوزیە موسا هەروەها شەرمەزاری ئەو کۆمەڵکوژییانەی کرد کە لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا ڕوویاندا و داوای سووریای دیموکراتیکی کردو وتی: حکومەتی کاتی سووریا پێشێلکاری زۆر دژی پێکهاتەکانی سووریا ئەنجام دەدات، هەمیشە کوشتن و ڕفاندن و توندوتیژی لە سووریا ڕوودەدات، نابێت ئایین بکرێتە ئامرازێک بۆ سیاسەت. ئەم هەڕەشە و کۆمەڵکوژییانە شەرمەزار دەکەین، داواکاری ئێمە ئەوەیە کە ئێمە لە سووریایەکی ئارامدا بژین، هەموو گەلان بە ڕەنگی خۆیان پێکەوە بژین، هەموو پێکهاتەکان مافی ئەوەیان هەیە لە سووریادا بوونیان هەبێت.

 

"دەستکەوتەکانی شەهیدەکانمان دەپارێزین"

جیهان ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی شەهیدان و خاکەکەیان دەپارێزن و وتی: حکومەتی کاتی سووریا لە بنەڕەتدا داعشە، دەستی هەیە لە کوشتن و ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان، بینیمان بکوژی هەڤرین خەلەف کرا بە وەزیر، چۆن لەو کاتەدا وڵاتێک بونیاد دەنرێت؟ ئێمە هەمیشە شەڕی چەتەکانی داعشمان دەکرد، ئێستا دەبینین چەتەکانی داعش بوونەتە کارگێڕی حکومەتی کاتی سووریا، هەرچییەک ڕووبدات ئێمە خاکی خۆمان دەپارێزین و ئەو دەستکەوتانەی بە کاری ١٥ هەزار شەهید دروستکراون دەپارێزین، دەبینین چۆن لە بەر چاوی هەموو جیهان کۆمەڵکوژی دەکرێت و کەسیش دەنگی نییە، بەڵام ئێمە وەک گەلی کورد ئەو کۆمەڵکوژییانە شەرمەزار دەکەین، ئێمە ئێستا دەمانەوێت لە سووریایەکی دیموکراتیکدا بە ئاشتیانە بژین.