"پێویستە هەموو گەلی کورد پێکەوە بن و پارێزگاری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن"
نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژئاوای سووریا لە باشووری کوردستان و بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا، ئیدانەی هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، پێویستە گەلی کورد پێکەوە بن و پارێزگاری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.
سلێمانی
دوانیوەڕۆی ٣ی کانوونی یەکەم، لە شاری سلێمانی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژئاوای سووریا لە باشووری کوردستان و بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنگرەیەکەی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و هەڵوێستی خۆیان دژی هێرشەکانی چەتەکانی دوڵەتی تورکیا، کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە بۆ سەر سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێکرد، نیشاندا و ڕایانگەیاند، گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، لە دۆخی مان و نەماندان.
فەتحوڵا حسێن، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەرێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری كوردستان ڕایگەیاند، گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، لە دۆخی مان و نەماندان و بە داگیرکردنی شاری حەلەب، ٨ شاری ڕۆژئاوا لە ژێر مەترسی داگیرکاریدایە، ئامانجی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سڕینەوە و نەهێشتنی دەستکەوتەکانی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەربۆیە هەرگیز بوونی کورد نە لە باکوور و نە لە ڕۆژئاوا و نە لە باشووری کوردستان قبوڵ ناکات.
ڕاگەیەندراوی بەرەی پیشتیوانی ڕۆژئاوا لەلایەن بەختیار مستەفا خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: گەلی ڕۆژئاوا و بە تایبەت دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب کە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفن، نزیکەی ٢٠٠هەزار کەس دەبن و لە ناوچەی شەڕدا گیریان خواردووە و پێویستە پشتیوانیان لێبکەین و بپارێزین.
وتیشی: لە ئێستادا پێویستە هەموو گەل لە باشووری کوردستان و ڕێخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارت و لایەنەکان، هەموو پێکەوە پارێزگاریی لە گەل و ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، چونکە جگە لە کورد، تورک و فارس و عەرەب پارێزگاریی لە کورد ناکەن، پێویستە سنوورەکانی باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەڕووی کوردانی ڕۆژئاوا بکرێتەوە، تاکو بتوانن دەربازی ناوچەکانیان ببن.
لە کۆتاییدا وتی: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو ناوەندانە دەکەین، کە باس لە دیموکراسی دەکەن پشتیوانی لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و چارەسەرییەک بۆ ئەو خەڵکەی کە لە گەماڕۆدان بدۆزنەوە، لە هەمانکاتدا داوا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین کە هەڵوێستی جدییان هەبێت بەرامبەر ئەم دۆخە.
ئەمە لە کاتێکدایە چەتەکانی تەحریر شامی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە ٢٧ی تشرینی دووەم هێرشیان کردە سەر حەلەب و بە داگیرکردنی شاری حەلەب و تل ڕەفعەت بەرەو ناوچەکانی دیکە هەنگاو دەنێن، هەروەها قەسەدەش ئامادەیی خۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكان ڕاگەیاند و بانگی سەفەربەری گشتی کردووە.