"هێرشەکە دژی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانە، بۆیە تێکۆشانێکی بەهێز پێویستە"
ڕۆژدا عوسمان، ئەندامی ئەکادیمیاکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاماژەی بە هێرشەکانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و چەتەکانی سەر بە تورکیا کرد، ئاماژەی بە بانگەوازی کۆکردنەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرد و وتی: هێرشەکە دژی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- دوای هێرشی چەتەکانی تەحریر شام بۆ سەر شاری حەلەب، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە تورکیا هێرشیان کردە سەر کانتۆنی شەهبا-عەفرین، کە هەزاران عەفرینی بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی ساڵی ٢٠١٨ ئاوارە بوون لەوێ مابوونەوە، لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر مەنبج و تل تەمر، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر ئەو دۆخە داوای سەفەربەری کرد، دوای هێرشەکانی سەر شەهباو گوندەکانی حەلەب، ئەنجومەنی گەلی شەهبا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بڕیاریان داوە لە ناوچەی ژێر گەمارۆی چەتەکانەوە بەرەو ناوچە ئارامەکانی خۆبەڕێوەبەری بگوازنەوە، لەسەرووی ئەمەشەوە، ٢٠٠ هەزار کەس کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە ساڵی ٢٠١٨ ئاوارە بوون، پێکهاتە عەرەبییەکانی دانیشتووی شەهبا و گوندەکانی حەلەب، چوونەتە تەبقا و ڕەققە.
ڕۆژدا عوسمان، ئەندامی ئەکادیمیاکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکان سەبارەت بەم پرۆسەیە بۆ دەزگاکەمان کرد.
"ئامانج پارچەکردنی خاکی سووریایە"
ڕۆژدا عوسمان، جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی هێرشەکان پارچەکردنی خاکی سووریایە و وتی: گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پڕۆسەیەکی پڕ لە خەبات و بەرخۆدان و کۆچکردن لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا تێپەڕیوە، ڕووداو و پلانی زیاتر لەسەر خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دادەڕێژرێت، ئامانجیان قڕکردنی گەلی کوردە لە پلەی یەکەمدا و لەناوبردنی پێکهاتەکانی تریش بە هەمانشێوە، دەبینین بەو هێرشانەی ئێستا لە دیوی حەلەب، شەهبا، تل ڕەفعەت، دەیانەوێت ڕێککەوتنی لۆزان کە لەسەر بنەمای پارچەبوون دامەزراوە، زیندوو بکەنەوە و خاکی سووریا دابەش بکەن، کۆمەڵکوژی بەسەر گەلەکەیدا ئەنجام بدەن.
"پەیمانێک دژی دەستکەوت و شۆڕشی ژنان جێبەجێ دەکرێت"
ڕۆژدا عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی سەر حەلەب و شەهبا و شێخ مەقسوود لەبەر ئەوە ڕوویانداوە کە حکومەتی شام بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیەوە هەڵسوکەوتی نەکردووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو پرۆسەیەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕین پرۆسەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانەیە، بەم شێوەیە دەبێت خۆمان و پڕۆژەکەمان لە پلانی لەناوبردن بپارێزین، ڕووداوەکانی ئەم دواییە کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، حکومەتی شامیش بەرپرسیارە لەم مەترسییە، چونکە حکومەتی شام گفتوگۆی لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری قبوڵ نەدەکرد، ڕێگەی بۆ کۆمەڵکوژی و هێرشەکان کردەوە، هاوکات لە هێرشەکانی سەر حەلەب و شێخ مەقسود و شەهبا، حکومەتی شام ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی گەل جێبەجێ نەکرد، هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵ دەدات سوود لە بارودۆخی ئێستا وەربگرێت لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی کە بریتین لە ئیستغلالکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و جێبەجێکردنی نوێنەرایەتی نیشتمانی. ئێمە هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر شەهبا، حەلەب، شێخ مەقسود نەک هەر بە هێرشێک، بەڵکو بە پەیمانێک لە دژی دەستکەوتەکانی گەل و شۆڕشی ژنان دەزانین.
"ئەوان دەیانەوێت کورد پارچەبکەن و لەناویان ببەن"
ڕۆژدا عوسمان ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە، دابەشکردن و لەناوبردنی گەلی کوردەو وتی: هەروەها پلانێک کە دەیەوێت ئەو هێڵی بەرخۆدانانەی کە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵیانبژاردووە و ئەو کۆچبەرانەی لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا لە شەهبا دەژین بکاتە ئامانج، جارێکی دیکە ناچاریان دەکات کۆچ بکەن، بەڵام دەتوانین ئەوەش بڵێین کە هێڵی بەرخۆدان هەمیشە دەڕژێت، کورد لە هەر شوێنێک بێت داوای مافی خۆی دەکات و ئاستی خەبات بۆ تێکشکاندنی پلانەکانی جینۆساید بەرز دەکاتەوە، بۆیە داوا لە ڕێکخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە دەنگی خۆیان لە دژی ئەو هێرشانە بەرز بکەنەوە و کاردانەوەی خۆیان نیشان بدەن.