کۆنگرەی ستار: بە ئامانجگرتنی وریشە بە ئامانجکردنی هەموو مرۆڤایەتییە
کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەکی سەبارەت بە لەسێدارەدانی وریشە مورادی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ژن ژیانە، بەئاماجکردنی وریشە بەئامانجکردنی هەموو مرۆڤایەتییە، ناهێڵین تاریکی سەربکەوێت، ئازادی هەمیشە بۆ ژنانی بەرخۆدێرە".
ناوەندی هەواڵ
ڕژێمی ئێران ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەم، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی چەکداری دژ بە ئێران"، سزای سێدارەی بەسەر وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەپاند، لەو بارەیەوە کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەکی نووسراوی دژی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، "مەترسی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنە چالاکوان وریشە مورادی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بانگەوازێکی بەئاگا هاتنەوەیە بۆ هەموومان، ئەم یاسا ناڕەوایەی کە میتینگەری تەواو دەکات، جێبەجێکردنی عەقڵیەتێکی دواکەوتووە کە پشت بە سیاسەتی لەناوبردن و تۆڵەسەندنەوە لە ژنان دەبەستێت کە بوێرن بەرامبەر میتینگەری بوەستنەوە".
لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی بۆ تەڤگەرەکانی ژنان کرا بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەو بڕیارە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "داوا لە هەموو لایەک دەکەین هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوەی خۆیان نیشان بدەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەسەڵاتە دواکەوتووە".
"وریشە مورادی تەنها نییە"
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ڕژێمی ئێران بە بڕیارە نایاساییەکان و هەڵمەتەکانی گۆشەگیری دەیەوێت هیوای ژنان بکوژێت و ئاگری بەرخۆدان بکوژێنێتەوە، بەڵام ئێمە پێیان دەڵێین؛ ئەم بڕیارە کۆتایی مێژوو نییە، سەرەتای قۆناغێکی نوێی بەرخۆدان دەبێت، قۆناغێک کە دەنگی ئازادی لە هەموو دەنگەکانی ستەم بەرزترە، وریشە مورادی تەنها نییە، بەڵکو دەنگی هەموو ژنێکە کە بۆ جیهانێکی دادپەروەرتر و مرۆڤ دۆستانەتر خەبات دەکات، با پێکەوە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ناڕەوایە بگرین و ئەم ساتەوەختە بکەینە ڕاپەڕینێکی جیهانی دژی نادادپەروەری، ژن ژیانە، بەئامانجکردنی ئەوان بەئامانجکردنی مرۆڤایەتییە، ناهێڵین تاریکی سەربکەوێت، چونکە باوەڕمان وایە ئازادی هەمیشە لە هاواری ژنانی بەرخۆدێرەوە سەرهەڵدەدات.