"ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی خەریکە دەگۆڕدرێن بۆ ناوچەی کۆمەڵکوژی"
ئەو ژنانەی بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە شارەکانی شەهبا، تل ڕەفعەت و مەنبج ئاوارە بوون، ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن و داوایان لە گەل کرد هەڵوێستیان هەبێت.
نورشان عەبدی
کۆبانێ- دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ناوچە داگیرکراوەکان بوونەتە ناوچەی کۆمەڵکوژی، ئەو ژنانەی بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە شارەکانی شەهبا، تل ڕەفعەت و مەنبج ئاوارە بوون، ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن و داوایان لە گەل کرد هەڵوێستیان هەبێت.
لە سێ کۆچکردندا ژیاوە
واحیدە بیلال خەڵکی عەفرینە و دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ کۆچی کردووە بۆ شەهبا، دوای ٧ ساڵ بەرخۆدان لە شەهبا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گەمارۆی حکومەتی شام، لە ٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا جارێکی دیکە بە هۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە ناچار بوو کۆچ بکات، واحیدە بیلال سەبارەت بەو سێ کۆچبەری کە بەهۆی لەشکرکێشی و داگیرکارییەوە تووشی بووە وتی: پێش ململانێ لە سووریا لە شاری حەلەب دەژیاین، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان و بۆردومانی شارەکە، بۆ ئەوەی پارێزراو بین، ڕوومان لە عەفرین کرد، ژیانی عەفرین سروشتی و خۆش بوو، چانسی ژیانی خەڵک باش بوو، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ هێرشێکی گەورەی بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد، ناچار بووین بچینە شەهبا، کۆچی زۆرەملێ تاوانێکە کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات.
"شاری ئاشتی گۆڕا بۆ شوێنی جینۆساید"
سەبارەت بەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک لە عەفرین ئەنجامیدا، واحیدە بیلال وتی: دوای ئەوەی بە زۆر ئاوارە بووین، هەندێک کەس کە دەیانویست لە خاکی خۆیان بمێننەوە، لە شارەکەدا مانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تووشی تاڵانی و چەوساندنەوە و کوشتنی بەکۆمەڵ بوون، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی گەل و بەتایبەت ژنانیان کردۆتە ئامانج، ژنان دەڕفێدنران و دەکوژران و ئەشکەنجە دەدران، تا ئێستا چارەنووسی زۆر کەس نادیارە، عەفرین شاری ئارامی نەما و کردی بە شوێنی تاوان و جینۆساید.
"هەموو ڕۆژێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات"
واحیدە بیلال توڕەیی خۆی لە دژی داگیرکاریی درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: لەو ڕۆژەوە کە کۆچمان کرد بۆ شەهبا تا لەوێشەوە کۆچ بکەین، دەوڵەتی تورک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا، هەموو ڕۆژێک بۆردوومان دەکراین و گەلەکەمان کۆمەڵکوژ دەکرا، بەیانییەک خەڵکی شەهبا کە لە عەفرینەوە کۆچیان کردبوو، بە دەنگی بۆردوومانی قورس لە خەو هەڵسان، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەڵ چەتەکانی هێرشیان کردە سەر شەهبا و گەمارۆیان دا، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ناچار بووین لە شەهباوە کۆچ بکەین.
"لە مەنبج هێرشیان کردە سەر ژیانی گەل پێکەوە"
هەروەها ئیکلیم حاجۆ بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر مەنبج ناچار بووە کۆچ بکات، ئەو باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ژیانیان کردووە بە دۆزەخ و وتی: دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک شارەکەیان لەدەست داعش ڕزگارکرد، شارەکە بووە شوێنێکی ئارام و پارێزراو بۆ ژیان. گەل و پێکهاتەکانی ئەو شارە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک بە ئاشتی و یەکگرتوویی دەژیان. بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی توندی کرد بۆ تێکدانی ئەم یەکێتییە و ئەم شوێنەی کردە هێلانەیەکی تیرۆر.
ئیکلیم حاجۆ سەرنجی بۆ ئەو کارانە ڕاکێشا کە دژی ژنان لە مەنبج دەکرێن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بەردەوامن لەو تاوان و دەستدرێژیانەی کە لە عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی ئەنجامی دەدەن، ئێستا لە مەنبج و شەهباش، پێویستە ڕای گشتی و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی وریا بن لەم بارەیەوە.
بانگەوازی: دەبێت دەوڵەتی تورکیا دادگایی بکرێت
گەردینیا محەمەد، کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە مەنبجوە کۆچی کردووە بۆ کۆبانێ، ڕایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی داگیرکارییەوە زۆرێک لە منداڵان لە خوێندن و خەونەکانیان بێبەش کراون و هەڵوێستی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات بەبێ ئەوەی بڵێین ئەمە منداڵە، دەبیستین کە منداڵان ئەشکەنجە دەدرێن، ئێمە بەهۆی هێرشەکانی داگیرکارییەوە ناچار بووین لە شارەکەمانەوە کۆچ بکەین.
گەردینیا محەمەد بەم بانگەوازییە کۆتایی بە وتەکانی هێناو وتی: داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵان دەکەین، هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە خاکە داگیرکراوەکان دووربخرێتەوە و لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە دادگایی بکرێن.