دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەر وریشە مورادیدا سەپاند

وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی کورد و زیندانیکراو لە زیندانی ئێڤین، کە هاوکات ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژارە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای بانگەواز و هەڵمەتە پشتیوانییەکان بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان، ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

 

چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی لە تارانی پایتەختی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبو ئەلقاسم سەلواتی، سزای لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوانی کورد وریشە مورادی بە تۆمەتی “خیانەت” ڕاگەیاند.

 

جێی ئاماژەیە، وریشە مورادی بۆی نەدەکرا لە دانیشتنەکانی دادگادا بەرگری لە خۆی بکات، دادوەر سەلواتی تەنانەت ڕێگەی بە پارێزەرەکەی نەدەدا بەرگری لێبکات و پارێزەرانی دۆسیەکەش کە پێشتر مافی چاودێری دۆسیەکەیان لێ زەوتکرابوو، دوای کۆتایی هاتنی خولی دووەمی دادگا، تەنها توانییان بۆ چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی وریشە مورادی بکەن.

 

دانیشتنەکانی دادگاییکردنی وریشە مورادی لە نێوان ٢٧ی حوزەیران و ١٤ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەچوو و پارێزەرەکەی ئاگادارکرایەوە لەو سزایەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئەم مانگە لە دژی دەرچووە.