مەکەگە کاردانەوەی بەرامبەر بە فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان نیشاندا

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی ئەستەنبوڵ سێ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کران، مەکەگە کاردانەوەی بەرامبەر بە دەستبەسەرکردن و فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان نیشان دا و داوای ئازادکردنی دەستبەجێیانی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٨ی شوبات، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ناوەندی ئەستەنبوڵ پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێک، دوای گەڕان لە ماڵەکاندا،٥٢ کەس دەستبەسەر کران کە ڕۆژنامەنووسان ئەلیف ئاکگول، یەڵدز تار و ئەرکومەنت ئاکدەنیز بوون.

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی دژی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەرگری لە ڕۆژنامەگەری ئازاد دەکەن، هاودەنگی نیشان بدەن و پێکەوە لە دژی فشاری سەر ڕۆژنامەنووسان تێبکۆشن.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەم دەستبەسەرکردنانە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەگەری ئازاد، بەئامانجکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس بەتایبەتی نیشانەی هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی ژنان لە ڕۆژنامەگەری و خەبات بۆ ڕاستی، ڕۆژنامەنووسەکان ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن، دەنگی کۆمەڵگە دەبن و دژی ستەم دەوەستنەوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئازادی ڕۆژنامەگەری بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە، بەڵام لە تورکیا سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی حکومەت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و میدیاکاران بێدەنگ بکەن و تۆمەتبار بکەن و ڕێگری لە مافی خەڵک بکەن بۆ وەرگرتنی هەواڵ، ئەم جۆرە چاودێری و فشارە نایاساییە ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا (MKG) داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هاوڕێکانمان دەکەین، داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەرگری لە چاپەمەنییەکی ئازاد دەکەن یەکبگرن و پێکەوە خەبات بکەن بەرامبەر بە فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان.

 

چاپەمەنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت! "رۆژنامەنووسی ژن تەنیا نین!