لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای ناردنی شاند بۆ ئیمراڵی کرا

لە دانیشتنی ٥٦ـەمینی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تیشک خرایەسەر گۆشەگیری ئیمرالی و دانانی قەیوم لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، داوا کرا نەتەوەیەکگرتووەکان شاندێک ڕەوانەی ئیمراڵی بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دانیشتنی ٥٦ـەمینی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئۆفیسی جنێف بەردەوامە، ئەم دانیشتنە لە ١٨ی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە و تا ١٢ی تەمووز بەردەوام دەبێت، لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتاندا کرا.

 

لە دانیشتنەکەدا جیانفراسۆ فاتۆرینی، نوێنەری دۆستایەتی نێوان گەلان لە دژی ڕەگەزپەرستی "مراپ" نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دانانی قەیوم لە شارەکانی باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کردو وتی: لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا فشارەکانی دەوڵەت بەردەوامە و مافە بنەڕەتییەکان و ئازادی کەسەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێشێلدەکرێن، لەبەرامبەر ئەمەدا زۆر نیگەرانین.

 

" ڕاگەیاندنە کوردی و سەربەخۆکان و گرووپە مەدەنییەکان دەستبەسەردەکرێن"

وتیشی: ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٧یدا ئاماژەی بەوەکردووە زۆر نیگەرانن لە دۆخی گەلى کورد لە باکووری کوردستان، لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە دیاریکراوە کاربەدەستانی کورد کە بەشێوەی دیموکراتیکی هەڵبژێردراون، لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە و بۆ دورخستنەوەشیان یاساگەلێکی لە دژیان بەکاردەهێنرێت، هەروەها ڕاگەیاندنە کوردی و سەربەخۆکان و گرووپە مەدەنییەکان دەستبەسەردەکرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێش و پاشی هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣ی پەرلەمانی تورکیا و هەڵبژاردنی ئاداری ٢٠٢٤ی  شارەوانییەکان چەندین کەس دەستگیرکراون، دیسانەوە هاوسەرۆکی شارەوانییەکان کە بەشێوەیەکی دیموکراتیکی هەڵبژێردراون دەستگیر دەکرێن و لە ئەرکەکانیان دووردەخرێنەوە.

 

داوای ناردنی شاند بۆ ئیمڕاڵی کرا

جیانفراسۆ فاتۆرینی لە دانیشتنەکەدا باسی لە گۆشەگیری کرد و وتی: ماوەی ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالانەوە وەرناگیرێت کە ٢٥ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالیدا زیندانی کراوە، لەم ٣ ساڵەی کۆتاییدا بەهیچ شێوەیەک نەیتوانیوە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیدا بکات، بانگەوازی لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە شاندێک ڕەوانی گرتووخانەی ئیمرالی بکات، بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە بکات لەو بارودۆخەی کە عەبدوڵا ئۆجالانی تێدایە.