لە ماوەی شەش مانگدا نۆ هەزار حاڵەتی بەدخۆراکی تۆمار کراوە

حاڵەتەکانی بەدخۆراکی لە شاری مەئریب لە یەمەن، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی قەیرانی مرۆیی درێژخایەن لە یەمەن، منداڵان و ژنان بەدەست کاریگەرییە وێرانکەرەکانەوە دەناڵێنن، لەوانەش بەدخۆراکی. ئامارەکان بەرزبوونەوەی مەترسیدارانەی حاڵەتەکانی بەدخۆراکی لە شاری مەئریب لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یەمەن ئاشکرا دەکەن، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە جدییە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییە کە لە میانی کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی بەشی خۆراک لە شاری مەئریب پێداچوونەوەی بۆ کراوە، بە گشتی ٩ هەزار و ٢٦٠ حاڵەتی بەدخۆراکی لەناو منداڵان و ژنانی شارەکەدا لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم تا حوزەیرانی ٢٠٢٤ دەستنیشان کراوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی حاڵەتە تۆمارکراوەکان لەناو منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵدا بوون، بەو پێیەی ژمارەیان گەیشتووەتە ٧ هەزار و ٤٥ منداڵ، لە ناویاندا ٢ هەزار و ٥٩٤ منداڵیان تووشی بەدخۆراکی توندی توند (SAM) بوون و ٤ هەزار و ٤٥١ منداڵنی دیکەشیان بەدەست بەدخۆراکی توندی مامناوەندەوە دەناڵێنن (MAM)، هەروەها ٢ هەزار و ٢١٥ حاڵەتی بەدخۆراکی لە ژنانی دووگیان و شیردەردا تۆمارکرا.

 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە مەئریب جەختی لە گرنگی فراوانکردنی بازنەی پاڵپشتی و کردنەوەی سەنتەری چارەسەری خۆراکی (TFC) و پرۆگرامی خۆراکی چارەسەریی (OTP) لە نەخۆشخانەکانی شارەکە و پێویستی بەردەوامبوون لە ڕاهێنان و کارمەندانی شیاوی پزیشکی و تەکنیکی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەدخۆراکی لە منداڵان و ژناندا.