"دەرکردنی نوێنەرانی ژنانی ئەفغانستان لە کۆبوونەوەی دۆحە خیانەتێکە"

مەلالە یوسفزای ڕەخنەی لە دوورخستنەوەی ژنە ئەکتەرە ئەفغانییەکان لە کۆبوونەوەی دۆحە گرت و بە هەماهەنگی لەگەڵ تاڵیبان و "خیانەت" لە گەلی ئەفغانستانی دانا.

ناوەندی هەواڵ

 

مەلالە یوسفزای، چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بە توندی ڕەخنەی لە دوورخستنەوەی نوێنەرانی ژنانی ئەفغانستان لە کۆبوونەوەی دۆحە گرت و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ڕێبازی خۆی بگۆڕێت و جەختی لەوە کردەوە، کە بەبێ بەشداری و سەرکردایەتی تەواوی ژنان، دانوستانەکانی دۆحە سەبارەت بە ئەفغانستان "شەرعیەتی" نابێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان بەم ڕێوشوێنە مافەکانی ژنانی پشتگوێ خستووە و بەنیازە لەگەڵ تاڵیباندا هەماهەنگی بکات، وتیشی: قبوڵ ناکرێت نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ ڕۆڵی ناوەندی ژنانی ئەفغانستان کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، ئێستاش بڕیارەکەی ئەم ڕێکخراوە ڕوونی دەکاتەوە کە جیهان دەیەوێت داواکارییەکانی تاڵیبان جێبەجێ بکات و مافی کچان و ژنانی ئەفغانستان لە پێشینەی کارەکانیان نییە.

 

مەلالە یوسفزای ئاماژەی بەوەشکرد، هەر مامەڵەیەک لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان کە نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستانی لە کۆمەڵگە دەرکردووە، جۆرێکە لە "خیانەت" بەرامبەر بە گەلی ئەفغانستان، بەتایبەتی ژنان و کچان، جەختیشیکردەوە، کارەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنانی ئەفغانستان "سیستەماتیکن و دوورخستنەوە لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەیە و هاوتای ئاپارتایدە لە نێوان ڕەگەزەکاندا".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تاڵیبان بە شێواندنی ئایین و کولتوور، ئامانجە "دژە ژنانەکانی" بەهێزتر دەکات، داواشی کرد بەهۆی کارە دژە مرۆڤایەتییەکانەوە، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

دوورخستنەوەی ژنان لە سێیەمین کۆبوونەوەی دۆحە کاردانەوەی توندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و ژنانی ناڕازی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم کاردانەوە و ڕەخنانە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سێیەمین کۆبوونەوەی دۆحە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.