بزووتنەوەی ژنان بۆ ئازادی داوای لێپێچینەوە لە تاڵیبان دەکات

بزووتنەوەی ژنان بۆ ئازادی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە تاڵیبان بە تاوانی ئەشکەنجەدانی ژنان لە زینداندا دادگایی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بزووتنەوەی ژنان بۆ ئازادی، بەبۆنەی ٢٦ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە قوربانیانی ئەشکەنجە لە زیندانەکان، ڕایگەیاند کە ڕۆژانە دەیان حاڵەتی ئەشکەنجەدان، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و چەوساندنەوەی زیندانیان لە زیندانەکانی تاڵیبان ئەنجام دەدرێت، کە دەبێ ئەوە بهێنرایەتە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

 

بزووتنەوەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، "تاڵیبان بەهۆی ئەشکەنجەدانی کچان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە لە زیندانەکانیدا زیندانیکراون، دادگایی بکات و سزای بدات".

 

ئەندامانی بزووتنەوەکە جەختیان لە گرنگی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئازادکردنی ژنە زیندانییەکان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە زیندانە ترسناکەکانی تاڵیبان کردەوە و ڕایانگەیاند کە جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفغانستان کە بە چەندین نموونە سەلمێنراوە، پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدا بنرێت.