لە موسڵ ژنێک بەدەستی هاوژینەکەی سووتێندرا
لە موسڵ ژنێک بەدەستی هاوژینەکەی سووتێندراو هێزەکانی پۆلیس لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمەتبارەکەیان لە ناوچەی سەرجەخانەی شاری موسڵ دەستگیر کردووە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١٣ی کانوونی یەکەم، لە گەڕەکی نەڕگاڵ لە بەری چەپی شاری موسڵ ژنێک کە پزیشک بوو لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەنزینی پیداکراو سووتا.
بەپێی راگەیەندراوی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا، هێزەکانیان لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمەتبارەکەیان لە ناوچەی سەرجەخانەی شاری موسڵ دەستگیرکردووە.
پۆلیسی نەینەوا ئاماژەی بەوە کردووە، رووداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە و تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر هاوژینەکەی کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە، سەرەتا جامی ئۆتۆمبێلەکەی شکاندووە و دواتر بەنزینی بە رووخساریدا کردووە و ئاگری تێبەرداوە، بەو هۆیەوە رووخسار و دەستی سووتاون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە.