چالاکوانان: بەردەوامی دەستبەسەرکردنی ژنانی تونس پێشێلکردنی دادپەروەری و مافی ژنانە
لە ڕێپێوانێکدا چالاکوانان داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بە ژن و پیاو، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی ژمارە ٥٤ کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکانی دەزانن و لە دژی ڕۆژنامەنووسان بەکارهێندراوە دەکەن.
تونس
کۆمەڵەی تونس بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕێپێوانێکی لە تونس ڕێکخست، کە لە بارەگای سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی تونسەوە دەستی پێکرد، بە بەشداریی ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و ژنان، لە ڕێپێوانەکەدا ئیدانەی دابەزینی ئازادییەکان و بەردەوامی دەستبەسەرکردنی زیندانیانی سیاسی کرا.
کۆمەڵەی تونس بۆ مافەکانی مرۆڤ دووپاتیکردەوە، کە چوارچێوەی نێودەوڵەتی شایەتی دابەزینێکی ڕاستەقینەیە لە سیستەمی گشتگیری مافەکانی مرۆڤدایە، هەروەها دۆخی تونس لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕەنگدانەوەی ڕێڕەوێکی خێراترە بەرەو دۆخێکی زۆر ئاڵۆز، کە بە قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی تێکەڵاو دەناسرێتەوە، لەگەڵ زیادبوونی پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان.
ڕوونیشیکردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا شایەتی بەرزبوونەوەی سنووردارکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بووە، لەگەڵ زیادبوونی لێپێچینەوە و دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لەو دۆسیانەی کە بە "دروستکراو" پێناسەیکردووە، کە سەرەتاییترین مەرجەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان نییە، ئەم دۆسیانە بریتی بوون لە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و زۆرجار هەڵمەتی ناوزڕاندن و هاندانی هەموو ناڕازییان لەگەڵدا بوو، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ لەم کارانە ڕزگاریان نەبوو، بەهۆی ئەنجامدانی کارە ڕۆژنامەوانییەکانیانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و دەستگیرکردن و زیندانیکردن بوونەتەوە، بەئامانجکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ بەردەوامە لە هەوڵێک بۆ چۆکدادانیان و بێدەنگکردنی دەنگیان بە شێوازی جیاواز.
ناڕازییان ئیدانەی پەرەسەندنی سنووردارکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەردەوامی هەڵبەستنی دۆسیە و زیندانیکردنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی ژن و دەرکردنی بڕیاری هەڵپەساردنی چالاکییەکانی چەند ڕێکخراوێکیان بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسای کرد، هەروەها ئیدانەی چڕبوونەوەی هەڵمەتەکانی ناوزڕاندن و بێڕێزیکردنیان کرد کە ئەم ڕێکخراوانەیان کردۆتە ئامانج.
ئەوان ئەوەی ناویان ناوە لادان بەرەو دامەزراندنی بڕیارێکی تاکەکەسیە کە تێیدا سەرۆکایەتی دەوڵەت دەستدرێژی بکاتە سەر باقی دامەزراوەکان، تیایدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن تەواوی دەسەڵات و دامەزراوە سەربەخۆ و ڕێکخەرەکان دەخاتە ژێردەستە و ڕۆڵی پێکهاتە نوێنەرایەتییەکان و کامپە نێوەندگیرەکان پەراوێز دەخات.
"شەقام چارەسەرە بۆ ڕزگارکردنی تونس و ئازادکردنی عەبیر موسی"
سەنوسی، چالاکوان لە پارتی دەستووری ئازاد، ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ نیشاندانی پشتیوانییە بۆ تونس لە سەرووی هەموو شتێکەوە، هوروەها عەبیر موسی، سەرۆکی پارتەکە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بە تۆمەتی "دەنگۆ" ڕاگیراوە کە سەلمێنراوە هەڵبەستراون، وتی: سزایەکی ناڕەوا بەسەریدا دەرچووە وەک سزایەکە بەبیانووی خۆشەویستییەکەی بۆ وڵاتەکەی و هەوڵەکانی بۆ ڕزگارکردنی تونس لە ساڵی ٢٠١١ەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە عەبیر موسی هەوڵیدا وڵات لەو قەیرانانە ڕزگار بکات، کە دوای هێرشکردنە سەر ئەزموونی سەردەمی و لیبڕاڵی تونسە، بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و ستەم و نادادپەروەری، جگە لە داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە ساڵی ٢٠١١ەوە هەموو بناغەکان پارچەپارچە بوون، هەموو دەستکەوتەکان بە شێوەیەکی بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو کراونەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، مافەکانی ژنان کەوتوونەتە بەر هێرشێکی هەمەلایەنە، ئەمەش بووەتە هۆی پێچەوانەبوونەوەی بەرچاوی دەستکەوتەکانی پێشتر بەدەست هێنراو، ئێستا ژنان دوو هێندە ئازار دەچێژن لە ژێر ئەو هێرشە کۆنەپەرستانەیەدا کە لە تونسدا دەستی پێکردووە و تا قۆناغی ئێستا بەردەوامە، هەروەها دامەزراوە نیشتمانییەکان ڕۆڵی خۆیان لەدەستداوە، ئەوەی ژنان زیاتر لە دەیان ساڵە خەباتیان بۆ کردووە تێکچووە، تا ئەو کاتەی هەموو شتێک کە پێشتر دروستکراوە ڕووخاوە، ئەمڕۆ هیچ دەنگێک نابیسترێت، لە نێوان دەستێوەردانەکانی دەرەکی و کردەوەی ئێرانی بە پڕۆژەی چەوسێنەرەوە هاوشێوەی ئەوەی لە سووریا، عێراق، لوبنان و شوێنەکانی دیکە ڕوویدا.
سەنوسی پێی وایە ڕژانەوە بۆ سەر شەقامەکان باشترین چارەسەرە بۆ داوای ڕزگارکردنی تونس و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و خۆسەپێنەکان، وتی: ناڕەزایەتی دەربڕین تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی وڵات، داوای ئازادکردنی عەبیر موسیشی دووپاتکردەوە، دادگاییکردنی بە تۆمەتی ساختە دەزانێت.
"هاوپشتی لەگەڵ ژنانی زیندان ئەرکێکە و ڕەتکردنەوەی دادگاییکردنی ناڕەوا"
ئەلفە حەلیمی پاڵپشتی خۆی بۆ ژنانی زیندان و گیراوان دەربڕی کە بەهۆی هەڵوێستە سیاسی و مەدەنییەکانیانەوە لە زیندانەکاندا ڕاگیراون، لەنێویاندا عەبیر موسی، وتی: ئەو نادادپەروەرییە ڕەتدەکەینەوە کە بەسەر عەبیر موسیدا کراوە لەگەڵ ئەو مامەڵە خراپەی بەرگەی گرتووە، بەبێ پاساو لە زیندانەوە بۆ زیندان گواستراوەتەوە.
نایلە زوغلامی، چالاکوانی فێمینیست، دووپاتی کردەوە: ئەم ڕێپێوانە ڕێپێوانێکە بۆ ئازادی دژی نادادپەروەری و ستەم، بۆ ئاشکراکردنی ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر کۆمەڵەکان و چالاکوانان و مافەکانی مرۆڤدا سەپێنراون، زیندانەکان ڕژاون بە زیندانیانی ویژدان و ئەرکی ئێمەیە بەرگرییان لێبکەین و ئازادیی قسەکردن بپارێزین.
فیریال میسکینی، چالاکوان لە کۆمەڵەی " حرة" "ئازاد" ڕایگەیاند، ئەو کارە لە باوەڕی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک چالاکوانان، لە پێشکەشکردنی پشتیوانی ڕەها و بێ مەرج بۆ هەموو ژنانی زیندان بەبێ جیاوازی، لە نێویاندا شەیما عیسا، چالاکوانی مافی مرۆڤ و سیاسی هەیە، کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە خۆپیشاندانێکدا بە ئارەزووی خۆی دەستگیرکرا و لە ئێستادا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی مانی لە خواردن گرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ پشتگیری لە ژنانی زیندان هەیە لە بەرامبەر دەستدرێژی و نادادپەروەری و مامەڵەی خراپ و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە کە پێچەوانەی یاسا نیشتمانییەکان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانن کە لەلایەن تونسەوە واژۆکراون.