لە مەڕاسیمێکی شکۆمەندانەدا ٢٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەشی ڕاگەیاندن بەرزڕاگیرا

٢٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەشێک لە کەسانی ئەکادیمی و مامۆستا و خوێندکاران، بە پیشاندانی چەندین وێنە و کار و بیرهێنانەوەی کەسانی دامەزرێنەری بەشەکە، پیرۆزکرا.

سلێمانی

 

 

 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆنگرێسی سەرۆکایەتی زانکۆ،  لە کامپی نوێی زانكۆی سلێمانی، یادی ۲٥ ساڵەی دامەزراندنی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بە ئامادەبوونی سەرۆکی خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، سەرۆک بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان و سەرۆک بەشی ڕاگەیاندن و چەندین دکتۆر و مامۆستا و خویندکاری بەشەکە، بە نمایشکردنی چەندین وێنەی دامەزرێنەرانی بەشی ڕاگەیاندن و خوێندکارانی دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن، نمایشکردنی کامێرا و پێداویستییەکانی ڕاگەیاندن، بەرز ڕاگیرا، پاشان لە ڕێگەی سینەفزیۆنێکەوە تەواوی ئەو دکتۆر و کەسایەتییانەی کە لە دامەزراندنی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانیدابوون بەبیرهێندرانەوە، هەروەها تێیدا چەند چالاکییەکی هونەری و خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە میوانان و خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی.

 

دواترهەریەک لە وەزیری خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، سەرۆک بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی و ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی،  وتاری خۆیان پێشکەش بە دکتۆران و خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن کرد، بەم شێوەیە:

 

پاڤێ جەمیل، ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی، وتی: ئەمڕۆ لە بۆنەیەکی گرنگ و خۆشەویست لە دڵماندا کۆبوینەتەوە، ئەویش یادی ۲٥ ساڵەی دامەزراندنی بەشی ڕاگەیاندنە کە بەرز ڕایدەگرین، هەروەها من سەرەتا وەک خوێندکارێک دەستم پێکرد لەم بەشەدا، پاشان بە هاوکاری مامۆستایان و دکتۆران توانیم ناوی زانستی وەربگرم و ئێستا وەک ڕاگری بەش مەشخەڵی خەباتم هەڵگرتووە، هەروەها ڕاگەیاندن پیشە نییە، بەڵکو ئەرکە و خوێندکاران لەسەر ئیتیک و بەرپرسیارێتی پەروەردە دەکرێن تا بتوانن ڕاگەیاندن بەرەوپێشببەن، هیواداریشم خوێندکارەکانمان بە ئەزموونەوە بچنە ناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

 

کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، ۲٥ ساڵ بەر لە ئێستا بەشی ڕاگەیاندن دەستی بە پەروەردەکردنی میدیاکاران کردووە، هەروەها ئەزموونی ۲٥ ساڵی بەشی ڕاگەیاندن شایەتی کارکردنی مامۆستایان و دامەزرێنەرانی بەشەکە دەکات، کە ئامانجیان بونیادنانی میدیاکارێکی بە ئیتیکە تا بتوانێت بەشی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندکارەکان سەرپێبخەن، هەروەها بەشی ڕاگەیاندن بەردەوام لە پیاداچونەوەی وتنەوەی وانەکاندایە تا بتوانن لەگەڵ سەردەمی تەکنەلۆژیادا بیگونجێنن، هەربۆیەش خوێندکاران بەرپرسن لە کارکردنێکی بەئیتیکەوە تا کار لەسەر بەرەوپێشبردنی بەشی ڕاگەیاندن بکەن.

 

ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا، باسی لەوەکرد، ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕادەگرم و پیرۆزبایی لە مامۆستایان و خوێندکاران و دامەزرێنەرانی دەکەم، کە زۆرێک لە کەسانی بەتوانا توانیان ئەم بەشە سەرپێبخەن، هەروەها  ماوەی ۲٥ ساڵە خەبات بۆ بەرەوپێشبردنی بەشی ڕاگەیاندن دەدرێت، هیوادارم ۲٥ ساڵی دیکە کار و خەباتیان بەرەوپێشببەن و خوێندکارانێکی بە ئەزموون بونیاد بنێن.

 

کاوە عیزەدین، پڕۆفیسۆر و سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن، وتی، بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی بۆ خوێندنی ۲٠۲٥ـ ۲٠۲٦، خاوەنی ٤٠٠ خوێندکارە، کە زیاتر لە هەزاران دەرچوو خاوەنی بڕوانامەن ، هەروەها لە ساڵی نوێدا ڕادوێی زانکۆ دووبارە بەکار دەخرێتەوە و وەک دەنگێک دەچێتە بەر گوێی هاوڵاتیان، پاشان بە هاواری سەرۆکی زانکۆ و خوێندنی باڵا هەوڵمان بۆ بەکۆلێژکردنی سەربەخۆی بەشی ڕاگەیاندن لە کاردایە.

 

"پێویستە خوێندکاران لەسەر ئیتیکی ڕۆژنامەوانی پەروەردە بکرێن''

پاڤێ جەمیل، ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی، وتی: لە چالاکییەکەدا ڕێز و وەفا و چەندین وێنەی مامۆستا کۆنەکانمان بە خوێندکارە نوێکان ناساند، کە ئامانجمانە لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەکانەوە ڕاگەیاندکارانی داهاتوو لەسەر ئیتیکی ڕۆژنامەوانی پەروەردە بکەین، ٢٥ ساڵی پڕ لە جوانی  و ئەزموون لە بەشەکەماندا  تێدەپەڕێت، هەروەها بەشی ڕاگەیاندن بە هەزاران دەرچوو لە خۆ دەگرێت، کە ئەم بەشە لەسەر دەستی کەسانی گەورە و سیاسەتمەدار و بەناوبانگی ئەم وڵاتە بونیاد نراوە، بۆیە ئێمە مەشخەڵی مامۆستا و دکتۆرەکانی خۆمان هەڵگرتووە، هیواداریشم خوێندکارەکانمان ئەو مەشخەڵە بەرز و پیرۆز بهێڵنەوە و گرنگی بە ڕاگەیاندن بدەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: زۆرگرنگە ڕاگەیاندنێک بخەیەنە بەرچاوی هاوڵاتیان کە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی تێدا پارێزراوبێت و کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکات، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی نیشتیمانی و هەستی بەرپرسیارێتی، بۆیە خوێندکاران لەسەر ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی پەروەردە دەکەین.

 

لازۆ عەلی، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، وتی: هەبوونی بەشی ڕاگەیاند و دەرچوونی خوێندکاران گرنگی خۆی هەیە، هەروەها خوێندنی بەشی ڕاگەیاندن پێویستە، بۆئەوەی ڕۆژنامەنوسێکی بەتوانا و بە ئەزموونی ئیتیکییەوە بخرێتە ناو ڕاگەیاندنەکانەوە، بۆئەوەی ڕاگەیاندن بەرەو چەواشەکاری نەڕوات، هەربۆیە ئێمە وانەی ئیتیک و یاساکانی ڕاگەیاندن دەخوێنین، ئەمەش وایکردووە بە شێوەیەکی زۆر باش لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانمان بزانین، هەروەها لە کاتی کارکردنمان لە ڕاگەیاندنێکدا دەزانین ئەرک و مافمان چییە، بۆیە زۆرێک لە سنورەکانی تاکەکەسی تێناپەڕێنین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، وتیشی: لە ناو ڕاگەیاندنەکاندا هەر ڕاگەیاندنەوە شێواز و سیاسەتی کارکردنی خۆی هەیە، ئێمەی دەرچووش کاتێک بۆ کار دەچینە ناو دەزگایەکەوە دەبێت بزانین چی دەزگایەک لەگەڵ کەسایەتی و شێوازی مامەڵەکردنی ئێمەدا دەگونجێت، پاشان هەوڵ بۆ کارکردن بدەین، بۆیە دەبێت خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن هەوڵ بۆ گۆڕانکاری لە ڕاگەیاندندا بدەن و خۆیان بە لایەنێکی دیاریکراوەوە گرێ نەدەن.